پارێزگاری نوێی حەسەکە بە فەرمی دەستبەکار بوو

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی شوباتی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە حەسەکە رایگەیاند؛ شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای حەسەکە کۆبوونەوە.

هەر ئەمڕۆ ئەندازیار نوورەدین عیسا، وەک پارێزگاری نوێی حەسەکە لە ناو باڵەخانەی پارێزگا دەست بەکاربوو. مەراسیمی دەستبەکاربوونەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیمەشق و کەسایەتییە دیارەکانی شارەکە بەڕێوە چوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، لە ئێستادا پارێزگاری نوێ لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە کۆبوونەوەدایە، بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی کارکردن و جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا.

ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن کە لە 29ـی کانوونی دووەمی رابردوودا، رێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان هەسەدە و دیمەشق راگەیەندرا. بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، چەندین گۆڕانکاری ریشەیی لە ناوچەکەدا دەکرێن کە گرنگترینیان ئەمانەن؛ کشانەوەی هێزەکان لە هێڵەکانی بەریەککەوتن، بڵاوەکرنەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق لە قامشلۆ و حەسەکە، و تێکەڵکردنی قۆناخ بە قۆناخی شەڕڤانانی هەسەدە بە سوپای سووریا. هەروەها رادەستکردنی زیندانەکانی تایبەت بە چەکدارانی داعش بە دەسەڵاتی دیمەشق و تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە دامەزراوە ناوەندییەکانی سووریا، لەگەڵ دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا و هەروەها رادەستکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکان بە دەسەڵاتی ناوەندی لە دیمەشق. لە بەرانبەردا حکوومەتی سووریا پابەند دەبێت بە گەرەنتیکردنی مافە کولتووری و پەروەردەییەکانی کورد و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ئەم هەنگاوانە، وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی سووریا هەژمار دەکرێن، کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و یەکخستنەوەی دامەزراوەکانە لە ناوچەکەدا.

پارێزگای حەسەکە، دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەشێکی ستراتیژیی رۆژئاوای کوردستانە، وەک ناوەندێکی گرنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە دەناسرێت. پارێزگاکە کە شاری قامیشلۆ چەقە بازرگانییەکەیەتی، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی و هاوسنووری لەگەڵ تورکیا و عێراق، پێگەیەکی بایەخداری هەیە.

حەسەکە، دانیشتوانەکەی پێک هاتووە لە کورد، عەرەب، ئاشووری، سریانی، ئەرمەنی و ئێزدییەکان. هەرچەندە بەهۆی جەنگەوە ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە، بەڵام ژمارەی دانیشتووانەکەی بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت.

ئەم پارێزگایە بە سەبەتەی خۆراکی سووریا دادەنرێت، چونکە بەتەنیا نزیکەی نیوەی گەنمی وڵاتەکە دابین دەکات و یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی لۆکە و پاقلەمەنییەکان.

جگە لە کەرتی کشتوکاڵ، حەسەکە دەوڵەمەندترین ناوچەی سووریایە بە سامانی سروشتی. بوونی کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان و جبسە وێڕای کارگەکانی پیشەسازی خۆراک و چنینی لۆکە، وایکردووە ئەم پارێزگایە ببێتە بزوێنەری سەرەکی ئابووری و دابینکردنی وزەی کارەبا لە ناوچەکەدا.