بە بەهای 40 ملیار دۆلار بیتکۆین بە هەڵە بۆ بەکارهێنەران نێردراوە

سەکۆی ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان "بیسەمب  Bithumb" لە کۆریای باشوور، داوای لێبوردنی کرد، دوای ئەوەی لە رووداوێکی دەگمەندا بە هەڵە بە بەهای زیاتر لە 40 ملیار دۆلار بیتکۆینی خستە سەر هەژماری بەکارهێنەرانی، ئەمەش بووە هۆی شێوانی بازاڕ و دابەزینی بەهای دراوەکە لەسەر سەکۆکە.

چۆن هەڵەکە روویدا؟
بەپێی راپۆرتەکان، سەکۆکە ویستوویەتی وەک دیاری و ئۆفەرێکی تایبەت، بڕی 2000 وۆنی کۆری (کە دەکاتە نزیکەی 1.37 دۆلار) بدات بە هەر بەکارهێنەرێک، بەڵام بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە، بۆ هەر کەسێک 2000 بیتکۆینی ناردووە، بە گشتی 620 هەزار بیتکۆین بە هەڵە نێردراوە کە بەهاکەی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار بووە.

کاردانەوەی خێرا و کۆنتڕۆڵکردن
کۆمپانیاکە رایگەیاند، لە ماوەی 35 خولەکدا دوای رووداوەکە، پرۆسەی مامەڵەکردن و راکێشانی پارەی بۆ 695 بەکارهێنەر راگرتووە، هەروەها جەختی کردەوە، توانیویەتی 99.7%ی ئەو بیتکۆینانە بگەڕێنێتەوە کە بە هەڵە نێردرابوون و ئەو بڕە کەمەشی کە ماوەتەوە لە سەرمایەی تایبەتی خۆی پڕی دەکاتەوە.

کاریگەری لەسەر بازاڕ
هەڵەکە بووە هۆی هەڵبەز و دابەزین لە نرخی بیتکۆین بۆ ماوەیەکی کورت، چونکە بەشێک لە وەرگران بە پەلە دەستیان بە فرۆشتنی دراوەکان کردبوو، ئەمەش وایکرد نرخی بیتکۆین لەسەر سەکۆکە 17% داببەزێت و بگاتە 81.1 ملیۆن وۆن.

قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووان
سەکۆی بیسەمب رایگەیاند، ئەو بەکارهێنەرانەی بەهۆی دابەزینی نرخەکەوە زیانیان بەرکەوتووە یان بە نرخێکی نزم مامەڵەیان کردووە، قەرەبوو دەکرێنەوە، قەرەبووەکەش بریتی دەبێت لە پێدانی جیاوازیی نرخەکە بە تەواوی لەگەڵ زیادکردنی 10% وەک دیاری، مەزندە دەکرێت کۆی زیانەکان نزیکەی یەک ملیار وۆن بێت.

کۆمپانیاکە دڵنیایی دا کە رووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە هاککردن یان کێشەی ئەمنیی دەرەکییەوە نەبووە، شایەنی باسە ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە نرخی بیتکۆین لەم هەفتەیەدا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.