لە ئیسپانیا و پۆرتوگال بەهۆی زریانی لیۆناردۆ بە هەزاران کەس ئاوارە بوون

زریانی لیۆناردۆ نیمچە دوورگەی ئیبیری لە خۆرئاوای ئەوروپای گرتەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاستی ڕووبارەکان، ئەمەش وایکردووە بە هەزاران دانیشتووی ئیسپانیا و پۆرتوگال ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

لە باشووری ئیسپانیا، نزیکەی حەوت هەزار کەس ناچار بە کۆچکردن بوون، کە هەزار و 500 کەسیان دانیشتووی شارۆچکەی گرازالێمان لە هەرێمی ئەندەلۆس. هاوکات لە پارێزگای مەلەگە بێسەروشوێنبوونی کەسێک تۆمارکراوە.

لە وڵاتی پۆرتوگالیش، چەندین ناوچە ژێرئاو کەوتوون و هۆشداریی توند دراوە بەو شار و شارۆچکانەی دەکەونە سەر ڕووبارەکان لەبارەی ئەگەری زیاتری لافاو و تێکچوونی دۆخی ناوچەکە.

پۆرتوگال هێشتا بەدەست ئاسەوارە وێرانکارییەکانی زریانی کریستینەوە گرفتارە، کە هەفتەی رابردوو بووە هۆی گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی نزیکەی 400 کەسی دیکە. حکوومەتی پۆرتوگال بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیانەکان، پلانێکی ئاوەدانکردنەوەی بە گوژمەی 2.5 ملیار یۆرۆ 3 ملیار دۆلار پەسەند کردووە.

ئەم بارودۆخە نائاساییە تەنیا چەند مانگێک دوای کارەساتی لافاوەکەی مانگی تشرینی یەکەمی 2024ـی ئیسپانیا دێت، تێیدا زیاتر لە 230 کەس گیانیان لەدەستدا.

زانایان جەخت دەکەنەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە، بووەتە هۆی زیادبوونی توندی و دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە زریان و دیاردە سروشتییە توندانە، کە ساڵانە زیانی مرۆیی و دارایی گەورە بە وڵاتانی ئەوروپا دەگەیەنن.