شارەزایەک: تورکیا لە لێواری کارەساتێکی دیمۆگرافیدایە

شارەزایەکی تەکنەلۆژیا و زانیاریی تورکیا، هۆشداریی دا، تورکیا لەبەردەم کارەساتێکی گەورەی دیمۆگرافیدایە. چونکە ژمارەی وەچەخستنەوە لە هەر خێزانێکدا بووەتە یەک منداڵ و 57%ـی گەنجانیش نایانەوێت هاوسەرگیری بکەن.

ئاکان عەبدوڵڵا، لە گوتارێکدا لەژێر ناونیشانی "زەمینەی نوێ"  لە کۆڕبەندێکدا لە شاری ئەنتاڵیا جەختی لەوە کردەوە کە جیهان بە خێراییەکی زۆر لە گۆڕانە و چیتر دامەزراوەکان و سیستەمی پەروەردە ناتوانن بە شێوازە کۆنەکان بەردەوام بن. ئەو دەڵێت: "کلیلەکەمان لە تاریکیدا ون کردووە، بەڵام لە ژێر رۆشناییدا بۆی دەگەڕێین؛ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی داهاتوو بە رێگاکانی رابردوو هەڵەیەکی گەورەیە."

ئاسودەیی دوژمنی داهێنانە

بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئاکان عەبدوڵڵا دەڵێت: "هەر کۆمپانیایەک یان قوتابخانەیەک زۆر هەست بە ئارامی بکات، دەستبەرداری داهێنان دەبێت. بۆیە ئێستا پێشبینییەکان بۆ داهاتوو تەنیا بۆ پێنج ساڵە، واتە دەرچووانی زانکۆ دەبێت هەر پێنج ساڵ جارێک خۆیان لەگەڵ جیهانێکی نوێی کاردا بگونجێنن. ناکرێت مرۆڤێک بە رێگەی کلاسیکی پەروەردە بکەیت کە پێویستی بەوەیە هەر پێنج ساڵ جارێک 'ریسێت' بە زانیارییەکانی خۆی بکاتەوە."

تەنیا پرسی 'ژێری دەستکرد' نییە

ئەو شارەزایە باسی لەوەش کرد کە ژیریی دەستکرد تەنیا بوارێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو کاتێک لەگەڵ سیستەمە رۆبۆتییەکان و کۆمپیوتەرە کوانتەمەکان یەکدەگرێت، تەواوی یارییەکە دەگۆڕێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ئامێرێک دەتوانێت ئەو کێشە ئاڵۆزانەی کۆمپیوتەرە ئاساییەکان لە چەندین مانگدا چارەسەری دەکەن، تەنیا لە چەند چرکەیەکدا چارەسەری بکات.

لە 3 منداڵەوە بۆ 1 منداڵ

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبدوڵڵا باسی لە گۆڕانی پێکهاتەی خێزان کرد لە تورکیا و گوتی: "تورکیا چیتر وڵاتی خێزانە گەورەکان نییە، رێژەی خێزانی گەورە بۆ 12% دابەزیوە. لە ساڵی 2001 لە هەر ماڵێکدا بە تێکڕا سێ منداڵ هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2025 ئەم ژمارەیە بۆ یەک منداڵ دابەزیوە. لە جیهاندا هیچ وڵاتێکی دیکە نییە تەنیا لە یەک نەوەدا، دوو منداڵی لەدەستدابێت، ئەمەش کارەساتێکی دیمۆگرافییە."

هەروەها گوتیشی: "چیتر ئەو گوتەیەی دەڵێت 'گەورەترین هێزمان نەوەی گەنجە' راستی نییە، چونکە ئەم 12 ملیۆن گەنجەی ئێستا دەیانبینین، دوایین نەوەی لەو شێوەیەن و جارێکی دیکە نەوەی وا نایەتەوە."

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستی دەروونی

سەبارەت بە رەوشی گەنجان، ئاکان عەبدوڵڵا رایگەیاند: 33%ی گەنجان گەورەترین خەمی گەنجان پاراستنی تەندروستی دەروونییانە. هەروەها گوتیشی ئەو گەنجانەی رۆژانە زیاتر لە هەشت کاتژمێر سۆشاڵ میدیا بەکاردەهێنن، رێژەی فشاری دەروونییان دەگاتە54%.

لە کۆتاییدا گوتی: "ئەو ژیانە خەیاڵییانەی لە ئینستاگرام نیشان دەدرێن، تەندروستی دەروونی گەنجانی تێکداوە. 57%ـی گەنجان لە هاوسەرگیری و 54%ـیش لە منداڵبوون دوور کەوتوونەتەوە. بە بۆچوونی نەوەی نوێ، گەورەترین مافی مرۆڤ ئەوەیە کە هەمیشە 'ئۆنلاین' بێت، ئەوان لەناو ئینتەرنێتدا لەدایکبوون و ئەگەر پەیوەندییان بپچڕێت، وەک ئەوە وایە بوونیان نەمێنێت."