گۆرانکاری لە مۆڵەتی بەخێوکاری دەکرێت
ئەمڕۆ شەممە، 7ــی شوباتی 2026، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24ـی رایگەیاند، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گرنگ لە رێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی بەخێوکاری بۆ کەسوکاری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کراوە و گۆڕانکارییەکانیش لە ژمارە 340 رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراونەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد، لەمەودوا مۆڵەتی بەخێوکاری دوو ساڵ جارێک نوێ دەکرێتەوە.
جەختیشی کردەوە؛ ئەم بڕیارە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ داواکاری بەردەوامی کەسوکاری کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەرک و ماندووبوونیان.
یوسف چاوشین ئاشکرای کرد؛ لە رێنماییە نوێیەکاندا وەڵامی داواکاری تووشبووانی (تالاسیمیا و هیمۆفیلیا) دراوەتەوە و لەمەودوا مۆڵەتی بەخێوکاری ئەم دوو حاڵەتەش دەگرێتەوە، کە پێشتر یەکێک بووە لە داواکارییە سەرەکییەکانیان.
سەبارەت بە لێژنە پزیشکییەکان، بڕیاردراوە ئەو حاڵەتانەی کە چارەسەری پزیشکییان نییە (بۆ نموونە: لەدەستدانی ئەندامێکی جەستە، داون، هیمۆفیلیا، تالاسیمیا و هاوشێوەکانیان)، تەنیا یەکجار پێویستیان بە راپۆرتی لێژنەی پزیشکی دەبێت. لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکە لە ساڵانی داهاتوودا، پێویست ناکات جارێکی دیکە راپۆرتی پزیشکی نوێ بهێننەوە.
یوسف چاوشین ئاماژەی بەوە دا، گۆڕانکارییەکی دیکەی باش لە رێنماییەکاندا جێگیر کراوە، ئەویش ئاسانکاریکردنە لە نێوان دایک و باوک بۆ وەرگرتنی مۆڵەتەکە، بە جۆرێک کە رێکارەکان سادەتر کراونەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ گرفت بەڕێوە بچێت.