لە بەغدا، بەهۆی زیادکردنی باجی گومرگییەوە بەشێک لە بازاڕەکان داخران
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، لە شاری بەغدا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەلایەن کاسبکاران و دووکاندارانەوە دژی زیادکردنی باجی گومرگی دەستیپێکردووە.
خۆپشاندەران رایانگەیاندووە؛ سەپاندنی ئەم باجە نوێیە بووەتە هۆی سستبوونی کڕین و فرۆشتن و زیانی گەورەی بە بازاڕ گەیاندووە.
مانگرتووان بەشێکی زۆر لە دووکان و فرۆشگاکانیان داخستووە و رایانگەیاندووە: "مانگرتنەکەمان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵاممان دەدەنەوە و چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکەمان دەدۆزنەوە."
رۆژی شەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆمەڵەی بازرگانانی عێراق، راگەینداروێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم بازرگانان و خاوەن کارەکان کرد بۆ مانگرتنی سەرانسەری و داخستنی بازاڕەکان لە عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمەڵەکە، بڕیارە هەڵمەتی داخستنی بازاڕە بازرگانییەکان دەست پێبکات و تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە وەک ناڕەزایەتییەک دێت بەرامبەر بە سەپاندنی باجی گومرگی نوێ و ئەو بارگرانییە داراییە زیادانەی خراونەتە سەر کەرتی بازرگانی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ بازرگانان داوای دەستبەجێ دەرهێنانی ئەو کۆنتێنەرانە دەکەن کە لە بەندەری ئوم قەسر کەڵەکە بوون و رێکارەکانیان پەکخراوە.
کۆمەڵەی بازرگانانی عێراق جەختیان کردەوە، ئەم فشارانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کەرتی بازرگانی و بەدیهێنانی داواکارییە رەواکانیانە، داواشیان لە سەرجەم خاوەن دوکان و بازاڕەکان کردووە پابەندی بڕیارەکە بن بۆ ئەوەی حکوومەت پێداچوونەوە بە رێکارە گومرگییەکاندا بکات.