گوڵە نێرگزەکانی ئاکرێ بازاڕەکان بۆنخۆش دەکەن

بەهۆی بارانبارینی زۆر و گونجاوی کەشوهەوا، ئەمساڵ لە سنووری قەزای ئاکرێ گوڵە نێرگز زووتر پێگەیشتووە و بازاڕەکانی ناوچەکەی ڕازاندووەتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ، تا ئێستا 85 دۆنم زەوی لە سروشت و باخەکانی ناوچەکەدا بە گوڵە نێرگز داپۆشراون.

داود محەممەد، جووتیارێکی ناوچەکەیە و باس لەوە دەکات کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بارینی بەفر و بارانی باش، نێرگز لە سەرەتای مانگی شوباتەوە سەری لە خاک دەرهێناوە. نێرگزی ئاکرێ بەوە ناسراوە کە پێش ناوچەکانی تری کوردستان پێدەگات و دوو جۆری سەرەکی هەیە کە بریتین لە (نێرگزی جۆری و نێرگزی کتك). ئەم گوڵانە زیاتر لەناو سروشت و باخە میوەکاندا گەشە دەکەن و خاوەن بۆن و قەبارەیەکی تایبەتن.

ئێستا بازاڕەکانی ئاکرێ بە گوڵە نێرگز خەمڵێندراون، بەتایبەت ئەو شوێنانەی گەشتیارانی لێیە. نرخی هەر دەستەیەک نێرگز لەنێوان دوو بۆ سێ هەزار دینارە.
غانم شنی، نێرگزفرۆشێکە و دەڵێت: "نێرگزی ئاکرێ لای ئێمە ژمارە یەکە. کڕیارەکانمان تەنیا خەڵکی ناوچەکە نین، بەڵکو گەشتیاران لە بەغدا، بەسرە، دیالە، نەجەف، هەولێر، سلێمانی و زاخۆوە دێن و بەهۆی ناوبانگی نێرگزەکەوە دەیکڕن."

جوانی و بۆنی خۆشی نێرگزی ئاکرێ بووەتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. ئەحمەد بەیاتی، وەک گەشتیارێک دەڵێت: "نێرگزی ئاکرێ بێوێنەیە، هەم بۆنەکەی زۆر خۆشە و هەم بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە و تێکناچێت. سروشتی ئاکرێ لەم وەرزەدا زۆر سەرنجڕاکێشە و هەمووان حەز دەکەن بۆ بینینی ئەم جوانییە سەردانی ئێرە بکەن."

ساڵانە باخەوانانی ئاکرێ بە گرنگییەوە سەیری چاندنی نێرگز دەکەن، چونکە جگە لە لایەنە ژینگەیی و جوانییەکەی، سەرچاوەیەکی باشی بژێوی و بازرگانییە لە وەرزی بەهاردا.