دیمەشق و هەسەدە دۆسیەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ تاوتوێ دەکەن

بە مەبەستی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە پارێزگای حەسەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە کۆبوونەوە، تاوتوێی ڕێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئیدارەی فڕۆکەخانەی قامشلۆیان کرد.

یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەڕوان عەلی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە و بە ئەندامییەتیی ئەحمەد ئەلئەحمەد، بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاسایشی فڕۆکەخانە و دەروازەکان، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دا.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی رادەستکردنەوەی ئیدارەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ لە پارێزگای حەسەکە بە حکوومەتی سووریا. ئەم هەنگاوەش وەک تەواوکارییەک دێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندانەی کە پێشتر لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدەدا واژۆ کراون.

لای خۆیەوە عومەر حەسری، سەرۆکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی شارستانی و گواستنەوەی ئاسمانیی سووریا، لە راگەیەنراوێکدا وردەکاریی پرۆسەی وەرگرتنەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆی ئاشکرا کرد و بە هەنگاوێکی "سەروەری و گەشەپێدانی جومگەیی" وەسفی کرد.

حەسری ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم هەنگاوە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە لە رووی بەستنەوەی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە سیستەمی نیشتمانیی فڕۆکەوانییەوە. 

ناوبراو روونی کردەوە، "ئامانجمان یەکخستنی بەڕێوەبردنی ئاسمان و فڕۆکەخانەکانە لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی یەکگرتوودا، کە ئەمەش فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی ئاسمانی."

سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی جەختی لەوەش کردەوە، کە کاراکردنەوەی تەواوەتیی فڕۆکەخانەکە لەژێر ئیدارەی ناوەندیدا، رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە پشتیوانیکردنی گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.

ئەم جووڵانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەدا دێن کە لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە. بڕیارە شاندەکە ڕاستەوخۆ دەست بە رێکارە هونەری و ئیدارییەکان بکات بۆ وەرگرتن و سەرپەرشتیکردنی تەواوی جومگەکانی فڕۆکەخانەکە و خستنەگەڕی بە پێی پێوەرە نیشتمانییەکان.