هێمن میرانی دڵنیایی دەداتە شۆفێران

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دایە شۆفێران کە نووسراوەکەی کۆمپانیای PVI کاری پێناکرێت. هاوکات داواشی کرد، لە پێناو سەلامەتیی گیانی شۆفێران، ساڵانە و بەردەوام پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکان بکرێت.

یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بۆ ئاگەداریی هەموو لایەک، ئەو نووسراوەی کۆمپانیای PVI کاری پێناکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، دەڵێت: بۆ سەلامەتیی گیانی خۆمان، پێویستە ساڵانە و بەردەوام پشکنینی توندوتۆڵی بۆ ئۆتۆمبێلەکانمان بکەین.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆمپانیای PVI بۆ پشکنینی هەززەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل، ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم شۆفێران و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، کە لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی و ماڵیی هاووڵاتییان، سیستەمێکی نوێ بۆ وەرگرتنی کرێ و سزای دواکەوتنی پشکنینی تەکنیکی پەیڕەو دەکرێت.

بە پێی نووسراوەکەی کۆمپانیاکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کاتی یاسایی خۆیاندا سەردان دەکەن، کرێی پشکنینیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ بڕە پارەیەکی زیادەیان لێ وەرناگیرێت.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەی کۆمپانیاکەدا کە بووە مایەی نیگەرانیی شۆفێران هاتبوو، ئەو ئۆتۆمبێلانەی یەک ساڵ دواکەوتوون، جگە لە کرێی پشکنینی ئاسایی، بڕی 50%ـی کرێی ساڵێکی پشکنین وەک سزا دەخرێتە سەر پارەکەیان، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەشی بۆ ماوەی دوو ساڵ و زیاتر پشکنینیان نەکردووە، سزاکەیان قورستر دەبێت.