زێلێنسکی: لە ئەڵمانیا و بەریتانیا درۆن دروست دەکەین

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایدەگەیەنێت، ساڵی 2026 ساڵی کرانەوەی ئۆکرانیا دەبێت بە ڕووی بازاڕەکانی ئەوروپادا و 10 ناوەندی هەناردەکردن دەکەنەوە. هاوکات ئاشکرای دەکات، هێڵەکانی بەرهەمهێنانی درۆنی ئۆکرانی لە ئەڵمانیا و بەریتانیا دەستبەکاربوون و ڕێککەوتنیان بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو کردووە.

یەکشەممە 8ی شوباتی 2026، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، سەرەڕای جەنگ، ئۆکرانیا دەستی بە پرۆسەی هەناردەکردن کردووەتەوە و لە ساڵی 2026دا 10 ناوەندی هەناردەکردن لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، وڵاتانی باڵتیک و باکووری ئەورووپا دەکەنەوە.

زێلێنسکی گوتی: لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا بەرهەمهێنانی درۆنی ئۆکرانی لە ئەڵمانیا دەبینین و خۆم یەکەم درۆن وەردەگرم، هەروەها لە بەریتانیاش هێڵی بەرهەمهێنانمان کار دەکات، ئەمانە هەمووی تەکنۆلۆژیای ئۆکرانین.

سەبارەت بە هێزی ئاسمانی و پتەوکردنی بەرگریی وڵاتەکە، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد کە کار لەگەڵ زانکۆکان دەکەن بۆ پێشخستنی کەرتی فڕۆکەوانی و گوتی: ئێستا ئۆکرانیا ڕێککەوتنی هەیە بۆ دابینکردنی 150 بۆ 250 فڕۆکەی جەنگی لە جۆرەکانی گریپین (Gripen) و ڕافال (Rafale) و ئێف-16، کە ئەمانە فڕۆکەی نوێن و بە بڕوای ئێمە باشترینن لە جیهاندا.

دەربارەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەش، زێلێنسکی مەزەندەی کرد کە پرۆسەکە نزیکەی 10 ساڵ دەخایەنێت و تێچووەکەی لە نێوان 300 بۆ 500 ملیار دۆلار دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد و گوتی: بە دروشم و پەیام و ئاڵا خەڵک ناگەڕێتەوە، خەڵک کاتێک دەگەڕێنەوە کە دۆخەکە لەبار بێت و ئاسۆی داهاتوویان ببینن، مەرج نییە بۆ گەڕانەوە هەست و سۆز بێت، بەڵکوو دەبێت ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیان و کارکردن فەراهەم بکرێت.