عێراق پلانی فریاگوزاری رادەگەیەنێت و حەوزە ماسییە نایاساییەکان لادەبات

دووشەممە 9ـی شوباتی 2026، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، چەند رێکاری توندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمئاوی راگەیاند، کە دیارترینیان دانانی "پلانی فریاگوزاری"یە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و لادانی سەرجەم ئەو حەوزە ماسییانەی بە نایاسایی دروستکراون.

عەون زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی شانەی ناوەندیی قەیرانەکانی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار بۆ پێکهێنانی لێژنەی تایبەت لە هەر پارێزگایەک بە سەرۆکایەتی پارێزگار و ئەندامییەتی فەرماندەی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا.

ئەرکی ئەم لێژنانەش بریتی دەبن لە:

-لادانی تەواوی ئەو حەوزە ماسییانەی مۆڵەتی فەرمییان نییە.
-رێگریکردن لە هەر جۆرە کشتوکاڵکردنێک کە لە دەرەوەی پلانی فەرمیی دەوڵەتدا بێت.
-پاراستنی پشکی ئاوی پارێزگاکان و سزادانی سەرپێچیکاران.
-دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ دامەزراوەکانی ئاودێری و کارمەندانی وەزارەت.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان هاوکات هۆشداریی دا، عێراق ئێستا بە سەختترین ساڵانی وشکەساڵیدا تێدەپەڕێت، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دروستکردنی پڕۆژەی گەورەی ئاودێری و بەنداو لە سەرچاوەی رووبارەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، بەتایبەتی تورکیا، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاوی هاتوو بۆ ناو عێراق.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پاراستنی کوالیتی ئاوی رووبارەکان کرایەوەتەوە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان داوای کردووە رێگریی توند بکرێت لە فڕێدانی پاشماوەی پیشەسازی و تەندروستی بۆ ناو رووبارەکانی دیجلە و فورات، بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و ژینگەی ئاوەکە.

ئەم هەوڵەی حکوومەتی عێراق دوای ئەوە دێت، پێشووتر روانگەی عێراقی سەوز رایگەیاندبوو، عێراق پێویستی بە زیاتر لە 100 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

روانگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بڕی بارانبارین لە عێراق لە ئاستی پێویستدا نەبووە و عێراق پێویستی بە دوو ئەوەندەی بڕی باران هەیە لە ماوەکانی داهاتوودا.

ئاماژەی بەوەشداوە، دوای دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، عێراق پێویستیی بە زیاتر لە 100 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، چونکە دابەزینی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بووەتە هۆی دابەزینی کوالێتی ئاو، زیادبوونی ئاستی ئاوی خوێ لە بەسرە، دووپاتیشی کردەوە، وشکەساڵیی کاریگەری لەسەر ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست و زۆنگاوەکان هەبووە و پلانی کشتوکاڵی زستانەشی بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە.

روانگەکە روونیشیکردووەتەوە، بڕی ئەو بارانەی لەم دواییانەدا باریوە زۆر نییە بەراورد بەو وشکەساڵیەی لە عێراق هەبووە، بەتایبەتی لەمساڵدا، روونیشی کردووەتەوە، هاوینی داهاتوو رەنگە قەیرانی ئاو خراپتر بێت تا ئەو رادەیەی کاریگەریی لەسەر ئاوی خواردنەوەش دەبێت.

هەروەها شارەزایانی ژینگە و ئاو پێشبینی دەکەن،  ئەگەر حکوومەتی عێراق نەگاتە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەمەبەستی دابینکردنی ئاو، قەیرانی بێ ئاوی لە هاوینی داهاتوودا زۆر سەختتر دەبێت لە ساڵانی رابردوو، بە تایبەت کە ئاستی ئاوی رووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ماسیگر و جوتیاران زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.