لاڤرۆڤ: دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمزووانە هێور نابێتەوە
وەزیری دەرەوەی رووسیا، رەشبینی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە داهاتووی نزیکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایگەیاند، سەرەڕای بوونی چەندین دەسپێشخەری، بەڵام پێشبینی ناکرێت ناوچەکە بەمزووانە روو لە ئارام بوونەوە بکات.
دووشەممە 9ـی شوباتی 2026، لە میانی وتارێکیدا لە 15هەمین کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئاماژەی بە "پلانی ئاشتی" دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی: "ئەو ئەنجوومەنی ئاشتییەی بە دەسپێشخەری ئەمریکا پێکهێنراوە، دەبێت کار لەسەر هۆکارە بنەڕەتییەکانی ململانێکان بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵاتە راستەقینەکانی ئەو دەستە جێبەجێکارەی لە تەکنۆکراتە فەلەستینییەکان پێکهێنراوە، بە نادیاری ماوەتەوە."
لاڤرۆڤ جەختی کردووەتەوە، گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەمی پلانی ترەمپ، کە پەیوەستە بە ئاوەدانکردنەوە و پرسە مرۆییەکان، ناتوانێت جێگەی کێشە سەرەکییەکە بگرێتەوە، ئەویش مافی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینییە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی ئەمریکا نەیتوانیوە کۆتایی بە توندوتیژییەکانی کەرتی غەززە بهێنێت، گوتیشی: "هیچ روونییەک نییە سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، داماڵینی چەکی حەماس، یان چۆنیەتی بەشدارپێکردنی دەسەڵاتی نیشتمانی فەڵەستین لە بەڕێوەبردنی کەرتەکەدا، ئەمەش وای کردووە جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی فەڵەستینی نوێ بەنادیاری بمێنێتەوە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی واشنتن و تاران، لاڤرۆڤ هۆشداری دا کە پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی ئاسایشی هیچ وڵاتێک دەستەبەر ناکات و گوتی: "هەندێک لایەن دەیانەوێت لە رێگەی هێزەوە نەیارەکانیان لەناو ببەن، بەڵام ئەمە رێگایەکی هەڵەیە و پێویستە چارەسەری ئاشتییانە بدۆزرێتەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لاڤرۆڤ پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەوڵە نێوەندگیرییەکانی شانشینی عومان دەربڕی و رایگەیاند، مۆسکۆ لەگەڵ تاران و پەیژین لە پەیوەندی بەردەوامدایە بۆ تاوتێکردنی ئایندەی ئێران و ناوچەکە، کە جێگەی نیگەرانییەکی قووڵی ئەوانە.