داوای بەهەرێمکردنی کەرکووک دەکرێت

ژمارەیەک خەڵکی کەرکووک، ئەی ماددەی 140!

پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکووک، کە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئاڵای عێراقی خراوەتە دەست
پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکووک، کە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئاڵای عێراقی خراوەتە دەست

K24 - هەولێر

لە کەرکووک دەستەیەک داوای بەهەرێمکردنی پارێزگاکە دەکەن، لەبەرامبەردا کۆمەڵێک کەسایەتی و رۆژنامەنووسی ئەو شارە داوایان کرد پێش ئەوەی باسی بەهەرێمکردنی کەرکووک بکرێت، سەرەتا دەبێت ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت.

کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت، لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە رەوشێکی سەربازی باڵی بەسەرداکێشاوە، خەڵکەکەی داوای چاکسازی، هێمنی و ئاسایش دەکەن، بەشێکی رۆشنبیرانی شارەکەش ئەمڕۆ داوایان کرد پێش ئەوەی بیر لە هەرشتێکی دیکە بکرێتەوە بۆ کەرکووک، سەرەتا "با ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت".

ماددەی 140ـی دەستووری عێراق سێ بڕگەی تێدایە: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و راپرسی. ئاساییکردنەوە واتا گەڕاندنەوەی سەرجەم قەزا و ناحییە دابڕێنراوەکانی کەرکووک بۆ سەر ئەو پارێزگایە، پاشان سەرژمێریی هەموویان، دواتر دەبێت راپرسی بکرێت لەسەر ئەوەی "کەرکووک بچێتەوە سەر هەرێمی کوردستان یان حکومەتی فیدراڵی؟".

دەستەی سەربەخۆیی بەهەرێمکردنی کەرکووک، ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک دامەزراندنی خۆی راگەیاند، کە لە ژمارەیەک چالاکوان و مامۆستا پێکهاتوون. دەستەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، "رێکارە یاسایی و رێنماییە پەیڕەوکراوەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی لەکاتێکی گونجاودا راپرسی بکرێت بۆ بەهەرێمکردنی کەرکووک".

لەبەرامبەر داوای ئەو دەستەیە، دەستەیەکی دیکە کە لە کۆمەڵێک چالاکوان و رۆژنامەنووس و کەسایەتی پێکهاتبوون، کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیان بەست. رابەر شێخ سلێمان، یەکێک لە کەسایەتییەکان لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکە گوتی " پرۆسەی بەهەرێمبوونی کەرکووک زۆری دەوێت، ئێستا پێویستە هەموو هاووڵاتییانی کەرکووک بەبێ جیاوازی لە تورکمان و عەرەب و کوردەوە دەستپێبکەین و لەسەر ماددەی 140 کاربکەن".

ئەو گوتی "کەرکووک چەند منداڵێکی لێ جیاکراوەتەوە؛ کەلار، کفری، خانەقین، زەبارییە، مەندەلی، دوزخورماتوو و چەمچەماڵ، (پێویستە سەرەتا) ئەمانە هەموویان هەمووی بگەڕێنرێنەوە سەر کەرکووک".

خەڵکی کەرکووک گلەیی دەکەن لەوەی سەرجەم حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی کەرکووک "لەساڵی 1921ـەوە تاوەکو ئێستا هەر توانیویانە لە کەرکووک بخۆن". رابەر شێخ سلێمان گوتی "ئێستا نیوە حوکمێک لە کەرکووک هەیە کە نیوە پارێزگارێکە و ناتوانێت گیروگرفتەکانی خەڵک چارەسەر بکات، لەهەمان کاتدا خەڵکی کەرکووک و حیزبە سیاسییەکان دەسەڵاتیان نییە؛ ئەگەر کەسێک ناسراو و عەشەیرەتگەر و ئی خۆیان نەبێت، ناتوانێت لە کەرکووک هیچ بکات".

 

هـ.ر.