عەلی ئەلعەلاق: بەهای دۆلار لە بانکی ناوەندی جێگیرە و ناگۆڕێت
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، شڵەژانی بازاڕی ڕەشی ئاڵوگۆڕی دراو و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ مامەڵەی بەشێک لە بازرگانان و دەڵێت: "هەموو بازرگانان لەپێناو سەقامگیریی بازاڕ، دەبێت پابەندی رێکارەکانی بانکی ناوەندی بن و بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بگەڕێنەوە بۆ کەناڵە فەرمییەکان، چونکە بانکی ناوەندی چاودێریی هەموو چالاکییە بازرگانییەکان دەکات".
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، عەلی ئەلعەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لە دوای راگەیاندنی پرۆژەی (ئی-پسووڵە)، لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار، بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئەو بەهایەی بانکی ناوەندی بۆ دۆلاری ئەمریکی دیاری کردووە، بەهایەکی جێگیرە و ناگۆڕدرێت، بەڵام بەهۆی ئەو پێشهاتە نوێیەی لە هاوردەکردندا هاتووەتە ئاراوە، وایکردووە بەشێک لە بازرگانەکان بۆ کڕینی دۆلار، روو لە بازاڕی رەش بکەن".
ئەلعەلاق گوتیشی: "بەمنزیکانە ئەو بازرگانانە بۆ بەدەستهێنانی دۆلار دەگەڕێنەوە بۆ کەناڵە فەرمییەکان، بەمەش دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ بەهای ئاسایی خۆی، چونکە بانکی ناوەندی هیچ کێشەیەکی لە یەدەگی زێڕ و دراوی قورسدا نییە و بەردەوامە لە خستنەڕووی دۆلار، بۆیە تووشی هیچ گرفتێک نەبووینەتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ئەو شڵەژانەی لە بازاڕی دراودا هەیە، پێویستی بە رێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی هەموو مامەڵە بازرگانییەکان هەیە، بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ کەناڵە فەرمییەکان و بەمەش دۆخەکە ئاسایی و سەقامگیر دەبێتەوە.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، گوتیشی: "ئێمە بازاڕی فەرمیی دراومان نییە، تەنیا بازاڕی رەشمان هەیە و سەرچاوەی دۆلاریش تەنیا بانکی ناوەندییە؛ ئەو دۆلارەشی لە بازاڕەکاندا هەیە، ئەو پارە زیادەیە کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەستاودەست و مامەڵەی پێوە دەکرێت، چونکە بانکی ناوەندی دۆلار بۆ مامەڵەی نافەرمی و نایاسایی دابین ناکات، بەڵکو ئێمە چاودێریی کارە بازرگانییەکان و دابینکردنی کارئاسانییەکانیان بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی رێچکەی یاسایی وەرگرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بانکی ناوەندی رێکارەکانی بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گەشە پێداوە".
لە کۆتاییدا گوتی: "لەم چوارچێوەیەدا چاودێرییەکی وردی چالاکییەکانی هاوردەکاران و هەناردەکاران، کاڵا و کەلوپەلەکان، نرخەکان و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن پێیەوە دەکەین. لەگەڵ ئەمەشدا ئەو حەواڵانەی دەکرێن، یاسایین و پارێزراون، ئومێد دەکەین هەموو بازرگانان لەپێناو سەقامگیریی بازاڕ پابەندی رێکارەکان بن".