عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران دەستپێدەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، هێڵی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران دەست پێ دەکاتەوە.
کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بایەخدانی حکوومەت بە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دابینکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی ئاسمانی دێت. دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بە هەوڵی بەردەوام و راسپاردەی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و بەدواداچوونی وردی وەهەب حەسەن، وەزیری گواستنەوە بووە، کە لە ئەنجامدا هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی گەشتکردن بۆ ئێران سەرکەوتوو بوون.
ئاماژەی بەوەش داوە، تیمەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق بە خێرایی کار بۆ ئامادەکردنی فڕۆکەکان و تەواوکردنی پێداویستییەکان دەکەن. ئامانج لەو ئامادەکارییانە ئەوەیە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە دەست پێ بکەن.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران لە 23ی ئەیلوولەوە گەشتەکانیان بۆ عێراق راگرتووە. هێڵی ئاسمانیی عێراقیش لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردووەوە وەک رێوشوێنێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشت و گەشتیاران لە بەرامبەر گرژییە سەربازییەکان، گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە راگرتبوو.
هێڵی ئاسمانیی عێراق جەختدەکاتەوە، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دوای تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییە رێکخراوەیی و هونەرییەکان دەبێت. ئامانجی کۆمپانیاکە لەو رێکارانە ئەوەیە کارکردنی گەشتەکان بەپێی رێنماییە پەسەندکراوەکان مسۆگەر بکرێت.