ماهیر ئەمین بەرهەمی نوێی 'رەش و سپی' بڵاوکردەوە

ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانیی خۆی بەناوی "رەش و سپی"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "جێی شانازی و خۆشحاڵیمە شاعیری گەورە قوبادی جەلیزادە، کە خاوەنی شیعری گۆرانییەکەیە، لە کلیپەکەشدا بەشدارە."

پێنجشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2026، ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو بەرهەمە نوێیەم لە هۆنراوەی قوبادی جەلیزادەیە و خۆم ئاوازەکەم بۆ داناوە، د. نەهرۆ زاگرۆس دابەشکردنی موزیکی بەرهەمەکەی ئەنجام داوە. دەرهێنانی کلیپەکەش لەلایەن هونەرمەندی بە توانا دەروون قەرەداخییەوە کراوە و هونەرمەند وەلید جاف کاری ژیریی دەستکرد و مۆنتاژی کلیپەکەی ئەنجام داوە."

ماهیر ئەمین سەبارەت بە گۆرانییەکە گوتی، "گۆرانی "رەش و سپی"، تازەترینی منە و ئەزموونێکی تازەیە بۆم. پێم وایە لە گۆرانیی کوردیشدا زۆر بە دەگمەن کار لەسەر ئەم جۆرە لە فۆرم و ناوەرۆکی شیعرە کراوە. لە رووی میلۆدی و دابەشکردنی موزیکیشەوە کارێکی جیاواز و کەموێنەیە."

سەبارەت بە بەشداری قوبادی جەلیزادە لە ڤیدیۆ کلیپەکەدا، ماهیر ئەمین دەڵێت، "لە دروستکردنی ئەم بەرهەمەدا هەوڵ دراوە کلیپێکی شایستە بۆ گۆرانییەکە بەرهەمبهێنرێت، هەروەها جێی شانازی و خۆشحاڵیمە  شاعیری گەورە قوبادی جەلیزادە، کە خاوەنی شیعری گۆرانییەکەیە، لە کلیپەکەشدا بەشدارە."

ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1973 لە رواندز لەدایکبووە. خاوەنی چەند ئەلبووم و بەرهەمێکی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.