وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر تۆڕە داراییە نێودەوڵەتییەکانی حزبوڵڵای لوبناندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر تۆڕە داراییەکانی حزبوڵڵای لوبناندا سەپاند، کە چەندین کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی زێڕ و تۆڕێکی نێودەوڵەتی قاچاخی چەک و کاڵای گرتووەتەوە، بە ئامانجی وشککردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو گرووپە و بڕینی پەیوەندییە داراییەکانیان لەگەڵ ئێران.

سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکان (OFAC) زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر چەندین دامەزراوە و کەسایەتیدا سەپاندووە کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دابینکردنی سەقامگیری ئابووری بۆ حزبوڵڵای لوبنان. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پەکخستنی ئەو میمیکانیزمانە دێت کە حزبوڵڵا بۆ بەدەستهێنانی داهات بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕژێمی ئێران و قۆستنەوەی کەرتی دارایی نافەرمی لە لوبنان بەکاریان دەهێنێت.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی زێڕی "جوود" (Jood SARL) یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سزایانە، چونکە ئەم کۆمپانیایە لەژێر چاودێری دامەزراوەی قەرز حەسەن کار دەکات و یارمەتی حزبوڵڵا دەدات یەدەگی زێڕەکەی بگۆڕێت بۆ پارەی کاش.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی گەنجینەی ئەمریکا، حزبوڵڵا لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە بەهۆی کێشەی نەختینەوە پەنای بۆ دروستکردنی زنجیرەیەک کۆمپانیا بردووە تا بتوانێت لە ڕێگەی بازرگانی زێڕەوە پارەی پێویست بۆ چالاکییە سەربازییەکانی دابین بکات و سزاکان تێپەڕێنێت.

هاوکات، سزاکان تۆڕێکی نێودەوڵەتی فراوانیشی گرتووەتەوە کە لە ڕووسیا، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە چالاکن. لەم چوارچێوەیەدا، هاووڵاتییەکی ڕووسی بە ناوی ئاندرێ بۆریسۆڤ لە مۆسکۆ سزادراوە، کە تۆمەتبارە بەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تیمی دارایی حزبوڵڵا کاری کردووە بۆ کڕینی چەک لە ڕووسیا و فرۆشتنی کاڵا بۆ پەیداکردنی داهات.

هەروەها چەند کۆمپانیایەکی کەشتیوانی و بازرگانی لە تورکیا و پاناما کە تێوەگلاون لە گواستنەوەی ملیۆنان دۆلار پەینی ئێرانی و فرۆشتنی بە ناوی کاڵای وڵاتی عوممانەوە، خراونەتە لیستی ڕەش و کەشتییەکانیشیان وەک موڵکی بلۆککراو ناسێنراون.

لەو بارەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە، حزبوڵڵا هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ بڕینی دەستی ئەم گرووپە لە سیستەمی دارایی جیهانی، تاوەکوو دەرفەت بداتە لوبنان بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە بە وڵاتێکی ئاشتیخواز و گەشەسەندوو.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، هەموو دارایی و بەرژەوەندییەکانی ئەم لایەنە سزادراوانە لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن و هەر کەس یان بانکێکی بیانیش مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ڕووبەڕووی سزای توندی واشنتن دەبێتەوە.