ترەمپ: ئەگەر لەگەڵ ئێران رێکنەکەوین، رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر توند دەبنەوە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی لە حاڵەتی شکستهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ تاران، سەرقاڵی تاوتوێکردنی ناردنی دووەم گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگرە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات هۆشداریی دا کە ئەگەر ئێران نەگاتە رێککەوتن، رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر توند دەبێتەوە هاوشێوەی هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوو.
سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بیر لە ناردنی دووەم گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی گوتی: یان لەگەڵ ئێران دەگەینە رێککەوتن، یان دەبێت هەنگاوێکی زۆر توند بنێین وەک جارەکەی پێشوو." ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ترەمپ جەختی کردەوە، ئەمجارە تاران زۆر بە جددیتر لە پێشوو هاتووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکایان بە هەند وەرگرتووە.
لە کاتێکدا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن و گرووپە یاوەرەکەی لە ناوچەکەدان، ترەمپ ئاشکرای کرد،کۆمەڵە کەشتییەکی جەنگی تریش بەرەو ناوچەکە بەڕێوەیە و ئەگەری هەیە یەکێکی تریشی بۆ زیاد بکرێت. هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکیش پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆ لەسەر ناردنی دووەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر کراوە بۆ زیادکردنی گوشارەکان.
سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشان دا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گەورە کە نەک هەر بەرنامە ئەتۆمییەکە، بەڵکوو مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانیش بگرێتەوە. بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئۆتۆمبێل لە عومان دەستپێبکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی رایگەیاند، ئێرانییەکان دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریکا بگەنە رێککەوتن، یان لەگەڵیان دەگەنە رێککەوتن یان دەبێت شتێکی زۆر سەخت ئەنجام بدەن.
ئاماژەی بەوەش دا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رێککەوتنی لەگەڵ ئێران دەوێت، بەڵام رێککەوتنێکی باش. ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی و مووشەکی هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە سبەی چوارشەممە بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بگاتە واشنتن. نەتانیاهۆ کە گومانی زۆری لە نییەتەکانی ئێران هەیە، رایگەیاند، دیدگای ئیسرائیل و بنەما سەرەکییەکانی دانوستانەکان بۆ ترەمپ روون دەکاتەوە، کە بە بڕوای ئەو بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی گرنگن.
هاوکات لەگەڵ ئەم جووڵە دیپلۆماسی و سەربازییانە، عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران، سەردانی مەسقەت و دەوحەی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نێوەندگیرە عومانی و قەتەرییەکان. لاریجانی لە پەیامێکدا هۆشداریی دایە واشنتن کە رێگە نەدەن نەتانیاهۆ مەرجەکانی دانوستانە ئەتۆمییەکان دیاری بکات و داوای لێ کردن ئاگاداری رۆڵی نەرێنی ئیسرائیل بن.
ئەم ئاڵۆزییە نوێیانە لە کاتێکدایە کە تاران جەخت دەکاتەوە تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستان دەکات و دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، ئەوەش وایکردووە هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل و واشنتن پێیان وابێت رێککەوتنی گشتگیر مەحاڵە و دەبێت پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببرێت.