برایەن ماست: دەبێت دیمەشق بە کرداریی رێککەوتنەکەی لەگەڵ هەسەدە جێبەجێ بکات

ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا، رایگەیاند، پاراستنی هەسەدە وەک هاوپەیمانێکی کوردی و دژە تیرۆر ئەولەویەتی ئەمریکایە و جەختی کردەوە کە واشنتن چاوەڕێی هەنگاوی جددی لە حکوومەتی سووریا دەکات بۆ پاراستنی کەمینەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەسەدە.

سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، برایەن ماست، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و سەرۆکی لیژنەی لاوەکیی چاودێری و لێپرسینەوە، لە دانیشتنێکی تایبەتدا سەبارەت بە داهاتووی سووریا، هەڵوێستی وڵاتەکەی دەربارەی گۆڕانکارییەکان و پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیاند.

ماست لە گوتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاوپەیمانی کورد و هاوبەشێکی دێرینی ئەمریکان لە شەڕی دژە تیرۆردا. رەخنەی توندی لەو هەنگاوانە گرت کە دژی هەسەدە نراون و گوتی: ئەو کارانەی بەرانبەر هەسەدە ئەنجام دران، کە بووە هۆی گواستنەوەی 7 هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ ناو عێراق، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نین.

سەبارەت بە گواستنەوەی دەسەڵات لە بەشار ئەسەدەوە بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بڕایان ماست ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات، ئەحمەد شەرع چەکی سپی (Blank Check)ی لەلایەن ئەمریکاوە پێنەدراوە. ئەگەرچی سزاکانی قەیسەر هەڵگیراون چونکە هۆکاری سزاکان نەماوە، بەڵام دەبێت مەرجەکان جێبەجێ بکرێن.

ئەم کۆنگرێسمانە نیگەرانیی وڵاتەکەی نیشان دا لە بەرانبەر توندوتیژییەکان دژی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک کورد، درووز و عەلەوییەکان و رایگەیاند کە ئەمانە هەنگاون بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە.

هەروەها ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کرد و گوتی: کۆنگرێس خۆشحاڵ بوو بە بینینی رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکان کە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە واژۆ کرا، بەڵام ئێمە چاوەڕێی هەنگاوی کردەیی دەکەین، نەک تەنیا گوتەی بێ ناوەڕۆک.