ئەلمۆنیتەر: 66 زیندانی داعشی بە رەچەڵەک تورک لە سووریاوە گواستراونەتەوە عێراق

بە رەچەڵەک تورک

لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیدا، زیاتر لە پێنج هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ بەغدا گواستراونەتەوە، کە 66 هاووڵاتی تورکیشیان لەنێودایە، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەخت دەکەنەوە کە ئەو زیندانیانە رادەستی وڵاتەکانیان ناکرێنەوە تاوەکوو لە ناوخۆی عێراقدا رووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەبنەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر کە پشت بە لێدوانی بەرپرسانی باڵای دژەتیرۆر لە رۆژئاوای سووریا دەبەستێت، 66  چەکداری داعش بە رەچەڵەک تورک لە ریزەکانی ئەو رێکخراوەدا جەنگاون، لە زیندانەکانی شاری حەسەکەوە رادەستی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کراون بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ ناو خاکی عێراق.

بەرپرسێکی باڵای کوردی سووریا بە ئەلمۆنیتەر راگەیاند، ژمارەی دوو هەزار چەکداری داعش بە رەچەڵەک تورک ورد نییە. ناوی زیندانییە تورکەکانی داعش لای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا زانراوە، بەڵام لەبەر هۆکاری ئەمنی ناتوانرێت ئاشکرا بکرێت.

بەرپرسێکی دژەتیرۆریش ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 100 چەکداری داعش کە ڕەگەزنامەی تورکیان هەیە لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون. ئەو بەرپرسە گوتیشی: هەندێکیان بەڵگەنامەی فەرمی و نیشانەی دیکەیان پێنەبووە کە بە ڕوونی ناسنامەی تورکییان بسەلمێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەگەری زۆرە هەر خەڵکی تورکیا بن.

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بۆ ئەلمۆنیتەر، گومانی خۆی نیشان دا لەوەی کە بۆچی حکوومەتی تورکیا هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی خۆی نەداوە. ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتر کە تێیدا لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 4 هەزار و 500 گومانلێکراوی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە ئەمنییانەی لە ناوەندەکانی راگرتنی زیندانییەکاندا دروست بوو، کە بووە هۆی هەڵاتنی سەدان زیندانی لە چەند شوێنێکی جیاواز.

لەلایەکی دیکەوە، ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، جگە لە چەکدارەکان، زیاتر لە هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی بە رەچەڵەک تورک لە کەمپی هۆل و 50 خێزانی دیکە لە کەمپی رۆژ دەستبەسەرن.

هەروەها بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، پرۆسەی گواستنەوەی ئەم زیندانییانە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سێ قۆڵیی ئەمنی و دادوەری دێت لە نێوان بەغدا، واشنتن و ئەنقەرە، تێکڕای ئەو زیندانییانەی بڕیارە بگوێزرێنەوە بۆ عێراق 7 هەزار کەسن، کە %30یان رەگەزنامەی تورکییان هەیە، ئاماژە بەوەش دراوە، تیمی ئەمنی تورکیا بە هەماهەنگی ئەمریکا، لە ڕێگەی پەنجەمۆر و لێکۆڵینەوەوە ناسنامەی زیندانییەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە.

لە بەرانبەر ئەم شەپۆلە نوێیەی گواستنەوەی زیندانییەکاندا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەیەکی وردیان لەگەڵ زیندانییە بیانییەکانی 42 وڵاتی جیاواز دەستپێکردووە و تاوەکوو هەموو ڕێکارە یاساییەکان تەواو نەبن، کە چاوەڕوان دەکرێت شەش مانگ بخایەنێت، هیچ کام لەو دەستگیرکراوانە رادەستی وڵاتەکانیان ناکرێنەوە.

هەروەها خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لەو بارەوە بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، بە هیچ شێوەیەک رەوانەی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان وەک زیندانی سۆسێ یان چەمچەماڵ ناکرێن.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زیندانانە بۆ تاوانبارانی ئاسایی و مەدەنین، لە کاتێکدا ئەم کەسانە تیرۆریستن و دەبێت لە زیندانێکی تایبەت لە بەغداد و لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا بمێننەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە تا ئێستا 5 هەزار و 46 زیندانی لەو جۆرەیان وەرگرتووە.

چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، پرۆسەیەکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان لە شوێنێکی پارێزراودا.

بەپێی راگەیەندراوەکە، پرۆسەکە دەستی پێکردووە و هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی 150 زیندانی داعشیان لە گرتووخانەیەکی حەسەکە لە سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو خاکی عێراق گواستووەتەوە و ئامانجییانە نزیکەی 7000 چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق.