پاپای ڤاتیکان نزا بۆ کوردانی ئێزدی دەکات

پاپای ڤاتیکان نزا دەکات خوا خەڵکی عێراق، بەتایبەتی کوردانی ئێزدی لە ناسۆری رزگار بکات

K24 - هەولێر

پاپای ڤاتیکان لە مەراسیمی جەژنی کریسمس، نزای بۆ خەڵکی عێراق کرد و داوای لەخوا کرد کوردانی ئێزدی لە ناسۆری رزگاربکات.

پاپا فرانسیسی دووەم، پاپای ڤاتیکان لە نزاکانی بەبۆنەی کریسمسەوە (دوێنێ، 25-12-2020) نزای کرد بۆ چاکبوونی رەوشی خراپی عێراق، سووریا، لیبیا، یەمەن و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی.

پاپا فرانسیس لە نزاکانیدا گوتی "با سەیرێکی منداڵانی جیھان بکەین، بەتایبەتی منداڵانی سووریا و عێراق و یەمەن، کە ھێشتا باجێکی قورسی شەڕ دەدەن. ھیوادارم دەموچاوی ئەو منداڵانە ویژدانی ئەو کەسانەی نیازی چاکەیان ھەیە، بھەژێنێت و ھۆکاری سەرھەڵدانی شەڕ و کێشەکانی وڵاتەکانیان چارەسەر بکەن و ھەوڵێکی لێبڕاوانە و ئازایانە بدرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکانیان و بەرقەرارکردنی ئاشتی تێیاندا".

سەبارەت بە عێراق و کوردانی ئێزدی پاپا فرانسیسی دووەم گوتی "نزادەکەم خەڵکی عێراقیش لە ناسۆری رزگاریان بێت، ئەوانەی ھەوڵی سازان و ئاشتەوایی دەدەن، بەتایبەتی ئێزیدییەکان کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەدەست شەڕەوە ئێش و ئازاریان چەشتووە".

پاپای ڤاتیکان مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو بەسەردانێک روودەکاتە عێراق و هەرێمی کوردستان.

سەردانەکە لەکاتێکدایە 19-2-2020 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڤاتیكان لەگەڵ پاپا فرانسیس كۆبووەوە و بارودۆخی عێراق و ناچەكە و رەوشی بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، بارودۆخی كریستیانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ کرد.

یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی بەهاری داهاتووی پاپا فرانسیس بۆ عێراق ئەوەیە "بانگەشە بۆ دیالۆگ لەنێوان پێکهاتە ئایینییەکان بکات و پەیامی ئاشتی و گفتوگۆی برایانە بنێرێت".

هـ.ر.