لە سلێمانی ئافرەتێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا
ئافرەتێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە نیشتەجێی شاری سلێمانییە بە کوژراوی لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون دۆزرایەوە و پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکە و هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پینجشەممە 12ی شوباتی 2026، دوای دۆزینەوەی تەرمی ئافرەکە کوژراوە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی 'گوڵی شار'، ئاری لەتیف گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، ئافرەتەکە تەمەنی 40 ساڵ بووە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام نیشتەجێی سلێمانییە و ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوەتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەیدا، ئافرەتەکە نیشتەجێی گوندی ئەڵمانی بووە و بۆ سەردان چووەتە پرۆژەی نیشتەجێبوونی گوڵی شار.
دەربارەی زانیاریی لەسەر کوژراوەکە، ئاری لەتیف گوتی: لێکۆڵینەوە بەردەوامە و ئەوەشی دەگوترێت تەنیا دەنگۆیە، گوایە ئارایشگەی رازاندنەوەی ئافرەتانی هەیە و بکوژەکە کەسێکی سەوزە و میوە فرۆشە، بەڵام تا لێکۆڵینەوە تەواو نەبێت ناتوانین هیچ زانیارییەک بڵاو بکەینەوە.
ئێستا تەرمی ئافرەتەکە لە پزیشکی دادی سلێمانییە و چاوەڕێی کەس و کارەکەی دەکەن بۆ ئەوەی تەرمەکە رادەستیان بکرێتەوە.