وەزیری تەندروستیی سووریا 10 ملیۆن دۆلاری بۆ تەندروستیی حەسەکە تەرخانکرد
پارێزگاری حەسەکە: سەردانەکەی وەزیری تەندروستی یەکەم هەنگاوە بۆ یەکخستنەوەی دامەزراوە کارگێڕییە مەدەنییەکان
وەزیری تەندروستیی سووریا لە سەردانەکەیدا بۆ شاری حەسەکە رایگەیاند، بڕی 10 ملیۆن دۆلاریان بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستیی پارێزگاکە تەرخانکردووە، گوتیشی: سەردانەکەی بۆ شارەکە یەکەم هەنگاوی تێکەڵکردن و یەکخستنەوەی دامەزراوە کارگێڕییە مەدەنییەکانە.
ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، موسعەب عەلی، وەزیری تەندروستیی سووریا سەردانی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانی کرد و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نورەددین عیسا پارێزگاری حەسەکە، راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بە فەرمانی سەرۆکی سووریا، سەرجەم وەزارەتەکان و بە هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی کەرتی خزمەتگوزاریی تەندروستی پارێزگای حەسەکە تەرخان کردووە.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئامانجیان پێشکەشکردنی باشترین و بەرزترین ئاستی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیانی دانیشتووی ناوچەکە، گوتیشی: لە سەردانەکەیدا ژمارەیەک هاوکاریی دیکەی گەیاندووەتە کەرتی تەندروستیی حەسەکە، کە بریتین لە:
14 ئامێری شۆردنی گورچیلە.
2 ئەمبولانس.
1 نۆرینگە (کلینیک)ی گەڕۆک.
2 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی.
لەلایەن خۆیەوە نورەددین عیسا پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم سەردانە سەرەتای پڕۆسەیەکی نوێیە و گوتی "ئەمە یەکەم سەردانی وەزیرێکە بۆ پارێزگای حەسەکە بە ئامانجی دەستپێکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەی دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر بە دامودەزگاکانی حکوومەتی سووریا.
گوتیشی: ئەمە هەنگاوی یەکەمە و بە پەنا بەخوا هەنگاوی دیکەی کردەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ ئەوەی بتوانین بە خێرایی خزمەتی هاووڵاتیان بکەین".