تەمەنی 40 ساڵی قورسترین قۆناخی مرۆڤە

تیمێکی زانایان لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاماژە بەوە دەکەن، تەمەنی 40 ساڵی بە ماندووترین و پڕکێشەترین قۆناخی ژیان لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە دادەنرێت.

تیمێکی زانایان قۆناخێکی ژیانیان دەستنیشان کردووە، تێیدا مرۆڤ بەرزترین ئاستی ماندوێتی جەستەیی و دەروونی ئەزموون دەکات. پڕۆفیسۆر میشێل سپێر، زانای توێکاری لە زانکۆی بریستۆڵ، راگەیاندووە؛ قۆناخی چلی تەمەن 40 ساڵی بە ماندووترین قۆناخی ژیانی مرۆڤ دادەنرێت.

بە گوتەی پڕۆفیسۆر سپێر، ئەمە تەنیا پەیوەندی بە هەڵکشانی تەمەنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هاوکاتبوونی گۆڕانکارییە بایۆلۆژییە وردەکان و گەیشتنی پێویستییەکانی ژیان و کار و پەروەردەکردنی منداڵ بە لووتکە هەیە.

نەگونجانی توانای جەستەیی و داواکارییەکان
سپێر روونیکردەوە، "ماندوێتی ناوەڕاستی تەمەن وەک نەگونجانێک لە نێوان توانا بایۆلۆژی و داواکارییەکانی ژیان لێکدەدرێتەوە. جەستەمان هێشتا دەتوانێت وزە بەرهەم بهێنێت، بەڵام لە بارودۆخێکی جیاوازتر لەوەی سەرەتای تەمەنی پێگەیشتن، لە کاتێکدا لەم تەمەنەدا پێویستییەکەمان بۆ وزە دەگاتە لووتکە."

لە تەمەنی 20 ساڵیدا، جەستە لە رووی بایۆلۆژییەوە نەرمترە؛ چاکبوونەوەی ماسولکەکان خێراترە، هەوکردنەکان کورتخایەنن و بەرهەمهێنانی وزە لە ئاستی خانەکاندا زۆر چالاکە. "میتۆکۆندریا" کە وەک کارگەی وزەی ناو خانەکان کار دەکات، وزەیەکی زۆر دەبەخشێتە جەستە و کاریگەری کەمخەوی و وەرزشی قورس کەم دەکاتەوە.

لەگەڵ چوونە نێو تەمەنی 40ساڵی، چەند گۆڕانکارییەک دەبنە هۆی تێکدانی ئەم هاوسەنگییە:

1- کەمبوونەوەی بارستەی ماسولکە: لە کۆتایی تەمەنی 30 ساڵییەوە، بارستەی ماسولکە کەم دەبێتەوە ئەگەر وەرزش نەکرێت، ئەمەش وا دەکات چالاکییە رۆژانەکان پێویستیان بە وزەی زیاتر هەبێت.
2- کەمی کارایی میتۆکۆندریا: کارگەکانی وزە بەردەوام دەبن لە کارکردن، بەڵام بە کاراییەکی کەمتر. ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی زیاتر.
3- دابەزینی کوالێتی خەو: بەهۆی گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ لە شەودا، خەو پچڕپچڕ و سووک دەبێت.
4- زیادبوونی فشاری دەروونی: لەم تەمەنەدا ئەرکە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان زۆر دەبن، ئەمەش ماندوێتییەکی زۆری دەروونی دروست دەکات تەنانەت ئەگەر ماندوێتی جەستەییش کەم بێت.

لە تەمەنی 60 ساڵی دا چی دەگۆڕێت؟
سەرەڕای ئەم سەختییانە، پڕۆفیسۆر سپێر ئاماژە بەوە دەکات، ئاستی وزە لەگەڵ چوونە ناو تەمەنی 60 ساڵی دەست بە باشبوون دەکاتەوە، چونکە فشارەکان کەم دەبنەوە، خەو رێکتر دەبێت و مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەی وەرزشی بەرزکردنەوەی قورسایی کارایی میتۆکۆندریا و تەندروستیی خۆی بگەڕێنێتەوە.

لە کۆتاییدا سپێر دەڵێت: "ئامانجەکە گەڕانەوە بۆ وزەی تەمەنی 20 ساڵی نییە، بەڵکو پاراستنی جەستە و گرنگیدانە بە پشوودان، رێکخستنی خەو، وەرزشی بەرگری و خواردنی پرۆتین."