سێنتکۆم: 5700 زیندانی داعش لە سووریاوە گواستراوەتەوە عێراق

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا کە بە سێنتکۆم ناسراوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، کۆتاییهێنانی بە پرۆسەی گواستنەوەی زیندانیانی داعشی لە سووریا بۆ عێراق ڕاگەیاند و ئاماژەی داوە، 5700 زیندانی گواستراوەتەوە.

هەینی 13ـی شوباتی 2026، سێنتکۆم ڕاگەیەندراویکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی زیندانیانی داعش کە لە 21ی مانگی ڕابردووی ئەمساڵەوە دەستیپێکردبوو کۆتاییهات و 5700 زیندانیکراوی داعش، کە سەرجەمیان ڕەگەزی نێرن لە زیندانەکانی سووریاوە گواستراونەتەوە عێراق.

هەروەها ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکەی دوێنێ بۆ گواستنەوەی زیندانییەکان بە شەو و لە ڕێگەی فڕۆکەوە جێبەجێکراوە، ئەمەش لە پێناو ئەوە بوو کە پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی و بەبێ مەترسی ئەنجام بدرێت و زیندانییەکان بە سەلامەتی بگەیەنرێنە شوێنی پارێزراو.

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی سێنتکۆم لە پەیامەکەدا سوپاسی بەرپرسانی عێراق دەکات، کە هاوکاربوون لە گواستنەوەی زیندانییەکان و گوتی: هێزەکانمان هەم لە ئاسمان هەم لە وشکانی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی زیندانییەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا بە سەرکەوتووی و پیشەییانە ئەنجامداوە.

کوپەر دەشڵێت: گواستنەوەی ئەندامە زیندانیکراوەکانی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق بۆ سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە زۆر گرنگە.

هەر لەو بارەوە کێڤن لامبارت، فەرماندە لە سێنتکۆم ڕایگەیاند، شانازی بەم ئۆپەراسیۆنە ناوازەیەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەم لە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ عێراق، سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا دەکات.

چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، پرۆسەیەکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان لە شوێنێکی پارێزراودا.

ئاماژەشی دابوو، لە کۆتایی پرۆسەکە ئامانجییانە نزیکەی 7000 چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق.