کۆبوونەوەی داهاتووی ئێران و ئەمریکا لە جنێڤە

بڕیارە سێشەممەی داهاتوو جنێڤ ببێتە مەڵبەندی دوو خولی دانوستانی دیپلۆماسی چارەنووسساز سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و شەڕی ئۆکرانیا. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە؛ شاندێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر، بەیانی رۆژی سێشەممە لە جنێڤ لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆدەبنەوە. ئەم کۆبوونەوەیە بە درێژەپێدەری ئەو گفتوگۆیانە دادەنرێت کە لە 6ـی شوبات بە میوانداریی عومان دەستیان پێکردبوو.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئێران، بڕیارە هەر هەمان رۆژ ویتکۆف و کوشنەر بەشداریی لە گفتوگۆیەکی سێ قۆڵیدا بکەن لەگەڵ نوێنەرانی رووسیا و ئۆکرانیا. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی چڕی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەبینرێت بۆ دۆزینەوەی کلیلێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ماوەی نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە و هاوسەنگییە جیهانییەکانی تێکداوە.

رۆژی هەینی 6ی شوباتی 2026، لە مەسقەت گەڕی نوێی دانوستان ئێران و ئەمریکا بە ئامادەبوونی بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە، بە گوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چەند پرسێکی دیکە کردووە.

لای خۆیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ ئەم گەڕەی دانووستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکێکی باش بوو.