زیاتر لە 172 هەزار مووچەخۆری سلێمانی لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن

بانكێکی سلێمانییە کە خۆ تۆمارکردن "هەژماری من"ـی لێ دەکرێت، خانەنشینان دێن بۆ ئەوەی خۆیان لە پرۆسەیەک تۆمار بکەن، کە کۆتایی بە ئەستەمی چەند ساڵەی وەرگرتنی مووچەکانیان بهێنێت، هێشتا بەشێکیان خۆیان تۆمار نەکردووە، بەشێکی دیکەشیان هاتوون بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، بۆ ئەوەی چی دی ئەم دیمەنانە نەبیننەوە.

مەولوود رەسول، خانەنشین بە کوردستان24ـی گوت: جاران بەیانیان دەڕۆشتین کاتژمێر 2:00ـی دوانیوەڕۆ بەرمان دەکەوت، بەڵام تائێستا بەم کارتە وەرمنەگرتووە، لەمڕۆوە بەتەمام بچم هی ئەو پیاوە تاقی بکەمەوە ئینجا بچم بۆ ئەوەی خۆم، گوتیشی، هەتا ئێستا وەرمنەگرتووە ناتوانم ئێستا بڵێم واو وا بەڵام خەڵک باسی دەکات زۆر کەس لێی ڕازییە.

دوای تەواوبوونی مووچەخۆران، خانەنشینانیش بۆ رزگاربوون لە وەستانی وەرگرتنی مووچەکانیان خۆیان لە "هەژماری من" تۆمار دەکەن، چونکە پێیان وایە "هەژماری من" کارئاسانی زۆریان بۆ دەکات و پێویست ناکات چەند کاتژمێرێک لە بانكەکان بوەستن تاوەکو مووچەکانیان وەربگرن.

چەند دەقیقەیەک بەسە بۆ ئەوەی مووچەخۆران لە هەر کاتێکدا بێت مووچەکانیان وەربگرن، ئەی تی ئێمەکان (ATM) گرفتێکی سەرەکی مووچەخۆرانی چارەسەر کردووە، کە پێش "هەژماری من" هەیانبوو، ئەویش گرفتی پارەی دڕاو بوو، لەگەڵ دابینکردنی چەندین خزمەتگوزاریی بانکی، هەر بۆیە هیواخوازن زووتر ئەم کارە بکرایە.

عەلى رەحیم، فەرمانبەر گوتی: جیاوازیەکەی ئەوەیە لە رێگای کورتە نامەیەکەوە ئاگادار دەکرێیتەوە موچەکەت خراوەتە سەر حسابەکەت کە بۆ کاری رۆژانەی خۆت بەکاری دەهێنی باشتر و ئاسانترە بەڕاستی، بەڵام بەداخەوە لێرە یەکەم جار تۆزێ کێشەی تێکەوت، دەشڵیت، من لە فەرمانگەکەی خۆمدا کۆتا کەس بووم کە پڕم کردەوە بەڵام ئێستا دەڵێم خۆزگە زووتر پڕم بکردایەتەوە.

هەژار محەممەد، فەرمانبەر دەڵێت، بۆ نمونە ئەگەر سەیری ووڵاتانی ئەوروپا بکەین، هاووڵاتی لە رێگای مۆبایلەکەیەوە تکتی فڕۆکە دەبڕێت هۆتێل حجز دەکات بلیتی شوێنان دەبڕێت هەموو شتێک دەکات، ئەم پرۆژەیەش ئاوای لێبێت ئێمەش چیمان لەم لەم خەڵکە کەمترە.

بەپێی ئامارەکانی "هەژماری من" بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، زیاد لە 172 هەزار مووچەخۆری سلێمانی دەتوانن لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەربگرن.

هاوکات لە هەرێمی کوردستان 115 هەزار خانەنشین مووچەکانیان لە "هەژماری من" وەردەگرن، کە بەشێکی ئەو خانەنشینانە لە سنووری پارێزگای سلێمانین و ئاماری خۆتۆمارکردنی خانەنشینانیش بەردەوام بەرز دەبێتەوە.