ئەمساڵ 500 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستی بەسەردا گیراوە
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددەی هۆشبەر و كارتێكەرە ئەقڵییەکان، رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، نیو تۆن ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستی بەسەردا گیراوە و زیاتر لە هەزار و 600 کەسیش دەستگیرکراون.
شەممە 14ـی شوباتی 2026، زیاد قەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددەی هۆشبەر و كارتێكەرە ئەقڵییەکان، بە كوردستان 24ـی راگەیاند، لەسەرەتایی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا نیو تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ماددەكان جۆراو جۆرن، هەروەها هەزار و 600 بازرگان و بەركارهێنەر دەستگیركراون.
بەگوتەی زیاد قەیسی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بۆ ماددەی هۆشبەر و كارتێكەرە عەقلییەكان، 740 كەس سزادراون و دۆسیەكانیان یەكلا بووەتەوە و زیاتر لە 20 كەس سزای سێدارەدانیان بۆ دهرچووە، 50 كەسیش سزای تاهەتاییان بۆ دەرچووە.
هەروەها قەیسی گوتی، 36 خاڵی هەماهەنگیی نێودەوڵەتییمان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەوڵگری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی.