روبیۆ: رێککەوتن لەگەڵ ئێران سەختە، بەڵام ترەمپ ئامادەی دیدارە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چوارچێوەی پەیامێکی هۆشداریدا بۆ تاران و دوای ئەو مۆڵەتە مانگییەی پێشتر دۆناڵد ترەمپ دیاریی کردبوو، رایگەیاند: کە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران "زۆر سەختە"، هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی دیدارە لەپێناو چارەکردنی کێشەکان.

شەممە، 14ـی شوباتی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "بلومبێرگ نیوز" ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێی باشە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو پرۆسەیە "زۆر سەختە".

روبیۆ گوتی: "من لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆکێکدا کار دەکەم کە ئامادەیە چاوی بە هەموو کەسێک بکەوێت. من تەواو دڵنیام ئەگەر سبەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بڵێت دەیەوێت ترەمپ ببینێت، سەرۆک چاوی پێی دەکەوێت، ئەمەش لەپێناو چارەکردنی کێشەکان".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەردوو لا ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕی دووەمی دانوستانەکان کە بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە جنێڤ بەڕێوە بچێت.

سەرۆکی ئەمریکا چەند رۆژێک لەمەوبەر روونی کردبووەوە، کە نزیکەی مانگێکی مۆڵەت داوەتە تاران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەگەرنا "شتگەلێکی زۆر خراپ روو دەدەن".

کۆشکی سپیش دووپاتی کردووەتەوە کە سەرجەم بژاردەکان لەسەر مێزی سەرۆکی ئەمریکان بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەی ئێران.

ئیدارەی ئەمریکا جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی، هەوڵی چارەکردنی پرسی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران دەدات. لە بەرانبەردا، دەسەڵاتدارانی ئێران جەخت دەکەنەوە کە دانوستانەکان تەنا بۆ دۆسیەی ئەتۆمییە و پرسی مووشەکەکان بابەتێکی سیادییە و گفتوگۆی لە بارەوە ناکرێت.