وەزیرانی دەرەوەی عێراق و عومان دانوستانی ئەمریکا و ئێرانیان تاوتوێ کرد

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و عومان لە میونشن هۆشداری دەدەن و جەخت لەسەر گرنگیی سەرکەوتنی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار بڕوات.

شەممە 14ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، فوئاد حوسێن، جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی 62هەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ بەدر بن حەمەد ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دواین پێشهاتەکانی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کرد، هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ گەڕەکانی داهاتووی گفتوگۆکان تاوتوێ کران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر دوو لا جەختیان کردەوە کە دەبێت دانوستانەکانی ئەمجارەی ئەمریکا و ئێران ئەرێنی بن، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە بکات و ڕێگری بکات لەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار بڕوات.

وەزیری دەرەوەی عێراق پشتیوانیی بەغدای بۆ هەوڵەکانی مەسقەت دەربڕی لە ئاسانکاریکردن بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان و ڕۆڵی دیپلۆماسیی عومانی بەرز نرخاند لە لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ململانێ و گرژیی زیاتر.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت: تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسیی ناوخۆی عێراق؛ تێیدا فوئاد حوسێن باسی لە هەوڵەکانی لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەپێی ئیستیحقاقی دەستووری، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و پێشخستنی دۆسیەی گەشەپێدان.