شەیبانی: لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دانمان بەخۆدا گرتووە

شەممە 14ـی شوباتی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە میانی بەشداریی لە چەند پانێڵێکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دیدگای نوێی حکومەتەکەی بۆ سووریای دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024 خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە، سووریا بەرەو داهاتوویەکی گشتگیر هەنگاو دەنێت، تێیدا کورد و پێکهاتە جیاوازەکان بەشێکی سەرەکی دەبن لە دەسەڵات و پاراستنی سەروەریی وڵات، هاوکات داوای وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد.

وەزیری دەرەوەی سووریا دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، کارە لە پێشینەکانیان بریتییە لە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی هەسەدە لە ناو سوپای نیشتمانی سووریادا؛ گوتیشی: ئێمە هەسەدە وەک هاوبەش دەبینین نەک دوژمن. نامانەوێت سووریای دوای ڕژێمی ئەسەد لە پەرتەوازەییدا بژیت، بەڵکوو دەمانەوێت هەموو گەلی سووریا بە کورد و پێکهاتەکانی دیکەوە، باوەڕیان بە وڵاتێکی فرەپێکهاتە هەبێت و ببنە بەشێک لە حکوومەتی نوێ.

شەیبانی ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل زیاتر لە هەزار جار بۆردوومانی خاکی سووریای کردووە و بەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی. گوتیشی: ئیسرائیل لە وێناکردنی ئێمە وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشەکەی زیادەڕەوی دەکات. ئێمە دانبەخۆداگرتنمان نیشان داوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل بێنینە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام پێویستە کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنرێت کە ئاشتی و سەقامگیری سوورییەکان تێکدەدەن.

وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024، سووریا دیدگایەکی نیشتمانیی گشتگیری گرتووەتەبەر بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی نوێ کە رەنگدانەوەی هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بێت. ئاماژەی بەوەش کرد، کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی نوێنەرایەتی پەرلەمانی و زیادکردنی ڕۆڵی ژنان لە کایەی سیاسی و بڕیارداندا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەسعەد شەیبانی باسی لە ئاستەنگە ئابوورییەکان کرد و گوتی: هەرچەندە لابردنی سزاکان دەرگای بۆ گەشەپێدان کردووەتەوە، بەڵام هێشتا لە سەرەتاداین. ئێستا سەرنجمان لەسەر چاکبوونەوە و بنیاتنانەوەی ژێرخانی وڵاتە. ئاماژەی بە بوونی 10 ملیۆن پەنابەر لە دەرەوە و ملیۆنان ئاوارە لە ناوخۆ کرد و جەختی کردەوە، دابینکردنی خانوو، قوتابخانە و نەخۆشخانە بۆ هەموو سوورییەکان ئەرکی سەرەکییانە، سەرەڕای هەموو گوشارە دەرەکییەکان.