رووسیا: ئەوروپا پێگەی خۆی لە پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا لەدەستداوە
رووسیا رەخنەی لە سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا دەگرێت و دەڵێت بەهۆی هەڵەی ستراتیژییەوە پێگەی خۆیان لە پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا لەدەستداوە.
میخائیل گالوزین، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە نوێترین لێدوانیدا هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەوروپا و رایگەیاند؛ برۆکسل بەهۆی ئایدیۆلۆژیای توندەوە و رەتکردنەوەی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ مۆسکۆ، بە شێوەیەکی کاریگەر خۆی لە کورسییەک لەسەر مێزی دانوستانەکان سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی قەیرانی ئۆکرانیا بێبەش کردووە.
گالوزین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "تاس"ی رووسی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی ئێستا ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپای یەکگرتوو دیاری دەکەن، تووشی ناکارامەییەکی ئاشکرا بوون و هەڵەیەکی ستراتیژییان ئەنجامداوە کە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەیان لە ناوەندی بڕیاردانی نێودەوڵەتی.
ئەم لێدوانانەی لایەنی تووسی لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە 17 و 18ـی شوبات، خولێکی نوێی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا لە شاری جنێڤ لە سویسرا بەڕێوەبچێت.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین، رایگەیاند: "گەڕی داهاتووی دانوستانەکان بە فۆرماتێکی سێ قۆڵی دەبێت لەنێوان رووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا." هەروەها ئاشکرای کرد، ڤلادیمێر مەدینسکی، راوێژکاری سەرۆکایەتی رووسیا کە ئەزموونێکی زۆری لە گفتوگۆکانی پێشوودا هەیە، سەرۆکایەتی شاندی مۆسکۆ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، لایەنی ئۆکرانی جەخت لە جدییەتی خۆی بۆ ئەم گەڕەی گفتوگۆکان دەکاتەوە. دیمیترۆ لیتڤین، راوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا، لە وەڵامی پرسیارەکاندا دووپاتیکردەوە، شاندی وڵاتەکەی خەریکی ئامادەکاری تەواوە بۆ بەشداری لە گفتوگۆکانی جنێڤ بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دوورخستنەوەی ئەوروپا لەم دانوستانە سێ قۆڵییە، نیشانەی گۆڕانکارییە لە هاوسەنگییە دیپلۆماسییەکان و گەڕانەوەی ململانێکەیە بۆ چوارچێوەی "مۆسکۆ - واشنتن" بە پلەی یەکەم.