مزگین خەلیل: کۆبانێ لە دۆخێکی تەندروستی و مرۆیی سەختدایە

یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، مزگین خەلیل، جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کۆبانێ،بە کوردستان24ی گوت: کۆبانێ لە ڕووی تەندروستییەوە لە قۆناغێکی مەترسیداردایە؛ نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان بەدەست کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد، شارەکە پزیشکی پسپۆڕ لێ نییە و بەهۆی گەمارۆکەویشەوە، نەخۆشەکان ناتوانن بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی پارێزگاکانی دیکەی سووریا بکەن.

سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی سووریا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شارەکە، جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەو لێدوانانەی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە، گەمارۆکە هێشتا بەردەوامە و تەواوی دانیشتووانی ناوچەکەی نیگەران و دووچاری دۆخێکی بژێوی سەخت کردووە. گوتیشی: هەرچەندە بەشێک لە هاوکارییەکان گەیندرانەتە کۆبانێ، بەڵام بەو هاوکاریانە ناتوانین هەموو پێداویستییەکان دابین بکەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مزگین خەلیل ئاماژەی بە ڕێککەوتنەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق کرد و ڕایگەیاند: وەک بەڕێوەبەرایەتی کۆبانێ ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکان و هاتنەناوەوەی ئاسایشی گشتی، بەڵام حکومەتی سووریا لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی ڕێککەوتنەکەدا زۆر خاوە و کەمتەرخەمی دەنوێنێت.