تاران مەرجەکانی بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتن ئاشکرا دەکات

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تاران دژایەتیی ئەو ئامانجە ناکات کە دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی بۆ دەکات سەبارەت بە "نەبوونی چەکی ئەتۆمی". هاوکات جەختی کردەوە کە بەرنامەی مووشەکی بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی و قابیلی گفتوگۆ نییە.

یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو ئامانجەی لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە راگەیەندراوە سەبارەت بە رێگریکردن لە خاوەندارێتیی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی، خاڵێکی هاوبەشە و تاران دژایەتی ناکات".

لاریجانی دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی هەمیشە پشتیوانی لە رێڕەوی دانوستان کردووە، بە مەرجێک "دادپەروەرانە و مەنتقی بێت".

هەروەها لاریجانی ئاماژەی بە رێککەوتنی ساڵی 2015 کرد و گوتی: "پێشتر ئێران لە چوارچێوەیەکی مەدەنی و لەگەڵ گرووپی (5+1) گەیشتبووە رێککەوتن، بەڵام کشاونەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتنە بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پرۆسەی لێکتێگەیشتنەکان".

سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییە، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، روونی کردەوە کە "ئەو جەنگەی ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیان پێکرد، ئەو ئەنجامانەی بەدەست نەهێنا کە هەوڵیان بۆ دەدا". 

هاوکاتجەختی کردەوە کە دەبێت ئامانجی دانوستانەکان گەیشتن بێت بە چارەسەری راستەقینە، نەک بکرێتە ئامرازێک بۆ مەرامی دیکە یان وەک هۆکارێک بۆ بەفیڕۆدانی کات بەکار بهێنرێت.

لاریجانی سەبارەت بە ناوەرۆکی گفتوگۆکانیش هێڵی سووری وڵاتەکەی دیاری کرد و گوتی: "لایەنی ئەمەریکایی لە دانوستانەکاندا جەختی کردووەتەوە کە گفتوگۆکان تەنیا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت". 

ناوبراو بە راشکاوی رایگەیاند: "بەرنامەی مووشەکی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانەوە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی دانوستان نابێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لاریجانی ئاشکرای کرد: "تا ئێستا تاران هیچ وەڵامێکی فەرمیی لە واشنتنەوە پێ نەگەیشتووە، بەڵام دانوستانە ئەتۆمییەکان بەردەوامن و ئاڵوگۆڕی بابەتەکان و گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکان دەکرێت".

لاریجانی ئاماژەی بە رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی سەرخستنی دانوستانەکان دەدەن و ئێرانیش پشتیوانی لەم ئاراستەیە دەکات، بە هیوای گەیشتن بە رێککەوتنێکی بونیادنەر و بەردەوام کە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی بە یەکجاری چارەسەر بکات".

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتن رۆژی سێشەممەی داهاتوو بە نێوەندگیری و هەوڵەکانی سەڵتەنەتی عوممان لە سویسرا بەڕێوە دەچن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی، بەرەو جنێڤی پایتەختی سویسرا بە رێ کەوتووە بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان".

ئەمەش لە کاتێکدایە هەینی، 6ـی شوباتی 2026، گەڕێکی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکان، لە نێوان شاندە باڵاکانی ئێران و ئەمەریکا لە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عوممان، بەڕێوە چوون.

وەزیری دەرەوەی ئێران، لەو بارەیەوە بە رۆژنامەنووسانی گوتوبوو: لە کەشێک زۆر باشدا باس لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێمە کرا، هەروەها گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەرێنی بوون.

هاوکات جەختی لەوە کردبووەوە، بە شێوەکی گشتی ئەم گەڕەی دانوستان دەستپێکێکی باش بوو، بەڵام پێویستە بگەڕێنەوە تاران بۆ ئەوەی قسە بکەین لەسەر چۆنییەتی بەردەوام بوون لە دانوستانەکان.