لە کەرکووک شۆفێرانی بارهەڵگر دژی باج و سەرانە رێگای سەرەکییان داخست

جارێکی دیکە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە بازگەی مەکتەب خالید لە باشووری کەرکووک گردبوونەوە و مانگرتنیان راگەیاند، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر لە ژێر ناوی باج و قەپان بە گوتەی ئەوان "سەرانەیە و بە نایاسایی لێیان وەردەگیرێت".

بەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێرانی بارهەڵگر کە لە ناوچەکانی حەویجە، رەشاد و گوندەکانی دەوروبەری باشووری کەرکووکەوە بار دەگوازنەوە، لە بازگەی مەکتەب خالید کۆبوونەوە و ئۆتۆمبێلەکانیان راگرت، بەمەش ئاستەنگی هاتووچۆ لەسەر رێگەکە دروستبوو.

یەکێک لە شۆفێرە ناڕازییەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەرەتا پێیان گوتین تەنیا پێنج هەزار دینار بۆ قەپان وەردەگیرێت، بەڵام ئێستا جگە لەو بڕە پارەیە، بڕی دیکەشمان لێ وەردەگیرێت. ئەمە تەنیا باج نییە، بەڵکو بەرتیل و سەرانەیە. ئەگەر پارە بدەیت یان پشتگیریت هەبێت، بەبێ پشکنین و کێشان دەتنێرن، ئەگەرنا رێگەت پێنادەن."

شۆفێرێکی دیکە ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە سێ بۆ چوار جار هاتوچۆ دەکات و هەر جارێک دەبێت پارەی قەپان بدات، لە کاتێکدا بە گوتەی ئەو "قەپانەکان زۆربەی کات ئیش ناکەن و تەنیا بۆ پارە وەرگرتن داندراون".

شۆفێرە ناڕازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ پێشتر چەندین جار سەردانی پارێزگاری کەرکووک و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵێن تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێک بارودۆخەکە ئاسایی بووەتەوە، بەڵام دواتر هەمان سیستەمی وەرگرتنی پارە دەستی پێکردووەتەوە.

شۆفێران جەخت دەکەنەوە، ئەوان خاوەن خێزانن و ئەو بڕە پارە زۆرەی لێیان وەردەگیرێت، بارگرانییەکی گەورەی بۆ دروست کردوون. داوا دەکەن حکوومەتی خۆجێی کەرکووک و لایەنە ئەمنییەکان رێگری لەو سەرانە وەرگرتنە بگرن و سیستەمێکی یاسایی و روون بۆ باج و قەپان دابندرێت کە زیان بە بژێوی ئەوان نەگەیەنێت.