وەزارەتی پەروەردە کاتی وانەکانی لە مانگی رەمەزاندا کەمکردەوە
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا دەرکرد و تێیدا کاتی وانەکانی کەمکردەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دیوان، کە واژۆی ڕەگەز ڕەشید بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی لەسەرە، بڕیاردراوە بە کەمکردنەوەی کاتی وانەکان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن. لە نووسراوەکەدا هاتووە: "کاتی هەر وانەیەک لە ناوەندەکانی خوێندن دەبێتە 35 خولەک."
بڕیارەکە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، زاخۆ، سۆران) و بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک کراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێکی مانگی رەمەزاندا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
