لە کەمپی باجد کەندال ئاگرکەوتەوە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەک بریندارە
بەرە بەیانی ئەمڕۆ لە کەمپی باجد کەندال کە ئاوارەکانی شنگالی تێدا نیشتەجێیە، ئاگرکەوتەوە و بەهۆییەوە دوو خێوەت سووتان و هاووڵاتییەک برینداربووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئاگرکەوتنەوەکە کاتژمێر 1:52 خولەکی بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوباتی 2026، لە خێوەتێکی کەمپی باجد کەندال کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە خێوەتێکی دیکەش سووتاوە، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی زاخۆ گەیشتوون و توانیویانە ئاگرکەوتنەوەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگربن لە تەشەنەسەندنی ئاگرکەوتنەوەکە.
لەلایەن خۆیەوە بەرێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی زاخۆ رایگەیاندووە، هاووڵاتییەک بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە بە سووکی برینداربووە و گواستراوەتەوە نەخۆشخانە، بە گویرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو هاووڵاتییەک قاچێکی سووتاوە، بەڵام سووتاوییەکە سووکە.
هەرچەندە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمڕۆ هێشتا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بە گوتەی دانیشتووانی کەمپەکە شۆرتی کارەبا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانە، لە کەمپەکە.
لە ماوەی 30 رۆژدا ئەمە چوارمین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیە لە کەمپی باجد کەندال تۆمار دەکرێت، بەهۆیانەوە 70 خێوەت و دووکانی کەمپە سووتاون و چوار حاڵەتی برینداربوونی هاووڵاتیانیش تۆمارکراوە لەو ماوەیەدا.
هەروەها کۆنی خێوەتی ئاوارەکان، بەهۆکارێکی خێرا گڕگرتن و تەشەنەکردنی ئاگرکەوتنەوەکان دەزانرێت، دانیشتووانی کەمپەکەش، کە سەرجەمیان ئاوارەی شنگالن و بەهۆی مەترسی لە گرووپە چەکدارەکان ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، رەخنە لە حکوومەتی فیدراڵ بە تایبەت لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەگرن، کە بڕینی هاوکاری و گۆڕینی خێوەتی کەمپەکانی کردووەتە، فشارێک بۆ ئەوەی ئاوارەکان، کەمپەکان چۆڵ بکەن و بچنەوە زێدی خۆیان.