سلێمان هەڵشۆیی لە زیندانەوە بەڵێنێك بە خاوەن قەرزەكانی دەدات
نوێنەری ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە لە زیندان چاویان پێكەوتووە

K24 - رانیە
نوێنەری ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە لە زیندان چاویان بە سلێمان هەڵشۆیی دەکەوێت و دەڵێن ناوبراو مایەپووچ بووە.
یەکێک لەو نوێنەرانەی بەشداری دیدارەکەی کردووە بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە زیندان چاومان بە سلێمان هەڵشۆیی کەوتووە و ناوبراو پێی گوتین کە مایەپووچ بووە، بەڵام هەوڵدەدات قەرزی خاوەن قەرزەکان بداتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد. سلێمانی هەڵشۆیی پێی گوتون، هاوبەشەکانی کە ئێستا ژمارەیەكیان دەستگیر کراون بڕێكی زۆری پارەكەیان لایە.
بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەكە، دووکەس لەوانەی بەتۆمەتی هاوبەشی لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی دەستگیرکراون بێتاوانن کە یەکێکیان مامۆستایەکی ئاینیە.
ئەو نوێنەرەی خاوەن قەرزەکانی سلێمان هەڵشۆیی، ئاشكرای كرد: "کاتێک لەگەڵی دانیشتین سلێمان هەڵشۆیی لە قسەکانیدا وای نیشاندا کە بەشێکی ئەو مایەپووچ بوونەی بۆ سەرانە لێسەندنی زۆر دەگەڕێتەوە، کە کەسانێک بەناوی فڵان بەرپرس و فڵان کەسایەتی رۆژانە هاتوون و پارە و ئۆتۆمبێلیان لێوەرگرتووە".
سلێمان ھەڵشۆیی، دانیشتووی دەڤەری راپەڕینە و پێشتر مامەڵەی بە وادە لەگەڵ ژمارەیەك ھاووڵاتی كردووە و وەك بازرگان لە ناوچەكە ناسراوە، لە 18/12/2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و ھەندێك لەو كەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ كردبوو چوونە سەر ماڵەكەی، دواتر و چەند كەسێكیش لە رێگەی میدیاكان بڕی قەرزەكانیان لای سلێمان ئاشكرا كرد.