کوردستان فاوندەیشن قوتابخانەی قەندیلی لە سنووری چەمچەماڵ نۆژەنکردەوە

دوای ئەوەی لە لافاوەکەی چەمچەماڵدا زیانی زۆری بەرکەوت، قوتابخانەی قەندیل لەلایەن کوردستان فاوندەیشنەوە بە تەواوەتی نۆژەنکرایەوە و بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە، رێورەسمی کردنەوەی بۆ سازکرا.

ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوتابخانەی قەندیل لە تەکیە کرایەوە کە پێشتر بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو. بڕیارە لە پەراوێزی ئەو رێورەسمەدا، وەزیری پەروەردە چەند قوتابخانەیەکی دیکەی سنوورەکە بەسەر بکاتەوە کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتبوو.

سۆران سدیق، بەڕێوەبەری قوتابخانەی قەندیل بە کوردستان24ی راگەیاند: "قوتابخانەکە بە تەواوەتی لەلایەن کوردستان فاوندەیشنەوە نۆژەن کراوەتەوە. ئێستا پۆلەکان ئامێری ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەیان بۆ دانراوە و هیچ ئاسەوارێکی زیانەکانی لافاوەکە نەماوە."

بەڕێوەبەری قوتابخانەکە روونیشیکردەوە، ئەو دەرگایەی کاتی لافاوەکە ئاوەکەی لێوە هاتبووە ژوورەوە و لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوت، بە تەواوەتی داخراوە و لە شوێنیدا دیوار دروستکراوە، جگە لەمەش هۆڵێکی تایبەت بە هەموو کەلوپەلەکانەوە بۆ کۆبوونەوە و بۆنەکان بنیادنراوە. راشیگەیاند، کە قوتابیان زۆر تامەزرۆن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو پۆلەکانیان.

قوتابخانەی قەندیل یەکێک بوو لەو ناوەندە پەروەردەییانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتبوو؛ لە کاتی لافاوەکەدا قوتابیان لەلایەن مامۆستاکانەوە لە مەترسی رزگار کران، بەڵام زیانێکی زۆر بەر باڵەخانە و کەلوپەلەکانی کەوت و بۆ خوێندن گونجاو نەمابوو، دواتر کوردستان فاوندەیشن ئەرکی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی کەلوپەلی نوێی بۆ قوتابخانەکە گرتە ئەستۆ.

لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025، لافاوێکی بەهێز سەنتەری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری گرتەوە، بەهۆیەوە 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسیش بریندار بوون. هاوکات لافاوەکە زیانی بە زیاتر لە 500 خانوو و دەیان فەرمانگە و قوتابخانەی سنوورەکە گەیاند.

دیمەنی هاتنە ژوورەوەی ئاو بۆ نێو قوتابخانەی قەندیل و رزگارکردنی قوتابیان لەلایەن مامۆستاکانیانەوە

 

دیمەنی قوتابخانەی قەندیل دوای لافاوەکە
دیمەنی پۆلێکی قوتابخانەی قەندیل دوای لافاوەکە

 

دیمەنی پۆلێکی قوتابخانەی قەندیل دوای نۆژەنکردنەوەی لەلایەن کوردستان فاوندەیشنەوە

 

دیمەنی باخچەی قوتابخانە دوای نۆژەنکردنەوەی