کەشناسی: ئەمشەو نمەباران دەبێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی هەرێم لە پەڵە و نیمچە هەورەوە بۆ هەوری تەواو بگۆڕێت و ئەگەری نمە باران سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردووەتەوە و بۆ کەشی ئەمڕۆ سێشەممە17ـی شوباتی 2026، پێشبینی دەکات، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت.

هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەمشەو لە سنووری ئیدارەی زاخۆ نمەباران و بارانی مامناوەند دەسپێدەکات و پاشان کاریگەرییەکەی بۆ سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی راپەڕین، ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و سەنتەری شار و پارێزگای سلێمانی درێژ دەبێتەوە، کاریگەرییەکە تاوەکوو بەرە بەیانی سبەی چوارشەممە بەشێوەی نمەباران لە باشووری هەرێم و ناوچەکانی گەرمیان بەردەوام دەبێت.

لەبارەی کەشی پێشبینیکراوی سبەى چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەیداوە، ئاسمان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ نمە بارانی پچڕ پچڕ لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنووریەکان، بەڵام ئەگەری نمە بارانێکی کەم لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەولێر لە کاتەکانی بەیانی زوودا پێشبینیکراوە، بەڵام دوای نیوەڕۆ ئاسمان بۆ پەڵە هەور و نیمچە هەور دەگۆڕێت .

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو :

شارەکان سێشەممە - پلەی سیلیزی چوارشەممە - پلەی سیلیزی
هەولێر 23  24
پیرمام 20 20
سۆران 19 19
حاجی ئۆمەران 16 16
سلێمانی 22 22
چەمچەماڵ 24 24
دهۆک 21 20
زاخۆ 21 20
هەڵەبجە 22 22
گەرمیان  27 28