هێمن هەورامی: لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی هەڵوێستی یەکگرتوویی بەرامبەر بەغدا چڕ دەکرێتەوە

هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی سلێمانی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی بەغدا چڕ دەکرێنەوە.

هێمن هەورامی ئەمڕۆ شەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، لەبارەی کۆبوونەوەی چوارقۆڵیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی  بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرز لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

هەروەها رایگەیاندووە" لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە دەبن. لە بەرامبەردا، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری دەکەن".

لە بارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکەش نووسیویەتی "هەوڵە هاوبەشەکان بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی بەغدا چڕکراونەتەوە. جەخت لەوەش کراوەتەوە، پێویستە هەموو چارەسەرەکان لەسەر بنەمای دیالۆگ، پابەندبوون بە فیدراڵیزم و دەستوور بن."