بانکی ناوەندیی ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی دراوەکەی رێکاری نوێ دەگرێتەبەر

تا دوێنێ هەینی بۆ ماوەی سێ رۆژی لە دوای یەک تمەن ژمارەی پێوانەیی لە دابەزین شکاند و نزمترین بەهای لە مێژوودا تۆمار کرد، بەڵام ئەمڕۆ بە کەمێک خوارتر لە نرخی ژمارەی پێوانەیی مامەڵە دەکرێت.

 نزمترین بەها کە تمەن تۆماری کردبێت دوێنی بوو کاتێک بەهای هەر 100 دۆلار گەیشتە 29 ملیۆن و 700 هەزار تمەن، بەڵام ئێستا لە خوار 29 ملیۆن و 500 هەزار تمەن مامەڵە دەرکرێت.

ماوەی سێ هەفتە دەبوو تمەن جێگیر ببوو و هەر 100 دۆلار لە خوار 27 ملیۆن تمەن مامەڵە دەکرا بەڵام هەفتەی رابردوو ئەو دۆخە گۆڕا و زیاتر لە دوو ملیۆن تمەنی دیکە هاتە سەر هەر 100 دۆلاری ئەمریکی.

سزا نوێیەکانی سەر ئێران و لەپاڵ بەردەوامیی گەماری دەریایی دژی ئێران و هەولە چڕەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی داهات لە ئێران و سفربوونەوەی هەناردەی نەوت بە گرنگترین هۆکاری دابەزینی بەهای تمەن دادەنرێن.

نوێترین هۆکار کە وایکردووە ئەمڕۆ بەهای تمەن لە ئاستێکی نزمدا بوەستێت هەوڵە نوێیەکانی بانکی بانکی ناوەندیی ئێرانە بۆ پاڵپشتیکردنی دراوی فەرمیی وڵاتەکە.

عەبدولناسر هیممەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران وێرای دانپێدانان بە کەمبوونەوەی داهات و بە زەحمەت دەستپێڕاگەیشتنیان بە دۆلار رایگەیاند رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەستوەردان لە بازاڕدا بکات و دۆلاری زیاتر دابین بکات.

ئەو باسی نەکردووە چ کاتێک و چ بڕێک دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، هەرچەندە ئەوەی بیر هێنایەوە ئەمساڵ سەرەڕای جەنگ و گەمارۆکان، زیاتر لە 32 ملیار دۆلاری دابین کردووە و دابینکردنی پێویستییە سەرەکییەکانی خەڵک و بەردەوامیدان بە بەرهەمهێنان لە پێشینەی کارەکانی دەبێت.

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران گوتوویەتی ئەو دۆلارەی لەبەردەستیانە تا کۆتاییهاتنی ئەم خولەی سەرۆکایەتی ترەمپ بەشیان دەکات .