هێمن هەورامی: شاندی باڵای دانوستانکار بۆ بەغدا، سەردانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکات

"نامەیەکی فەرمیمان ئاراستەی حکومەت کردبوو"

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، بڕیارە شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لەدوای کۆبوونەوە لە پەرلەمان، سەردانی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بکات.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-12-2020) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی دانوستانکار و پەرلەمان، رایگەیاند "نامەیەکی فەرمیمان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو، بۆ ئەوەی لەکاتی گەڕانەوەی شاندی باڵای دانوستانکار، بێنە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرۆکایەتیی لیژنەی دارایی، لیژنەی سامانە سرووشتییەکان و لیژنەی یاسایی و سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکان بکەن".

هەریەک لە: وەزیری دارایی و كاروبارى ئابووری، وه‌زیرى پلاندانان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، یاوەریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەن کە سەرۆکی شاندە باڵاکەی حکومەت بوو بۆ بەغدا.

هێمن هەورامی دەڵێ کۆبوونەوەکەی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ ئەوەیە "وردەکارییەکانی گفتوگۆکان، ئەو خاڵانەی جێگەی رێککەوتن بوون و ئەوانەش کە جێگەی رێکنەکەوتن بوون (روونبکەنەوە)، هەروەها بۆچی تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدات؟ وەڵامی ئەو دەنگۆیانەش بدەنەوە کە قسەیەکی زۆری لەسەر دەکرێت؛ ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی کوردستان رادەستی حکومەتی عێراق بکات، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەداتەوە یان نا".

"پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیش نوێنەریان لە کۆبوونەوەکە دەبێت"

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، بەگوتەی هێمن هەورامی "تەکنیکی و وردە"، ئەو دەڵێ "کۆمەڵێک پرسیار لای لیژنەکان و تەواوی فراکسیۆنەکان هەیە، بۆیە ئێمە ئەو سێ لیژنەیەمان (لیژنەی دارایی، لیژنەی سامانە سرووشتییەکان و لیژنەی یاسایی) هەڵبژاردووە، هەروەها ئەمە لایەنێکی سیاسیشی تێدایە، بۆیە بەپێویستمان زانیوە تەواوی سەرۆک فراکسیۆنەکان و تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەی پەرلەمانتاری سەربەخۆن، داوامان لێکردوون لەنێو خۆیاندا رێکبکەون و نوێنەرێک دیاری بکەن بۆ ئەوەی تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی لەنێو پەرلەمانن، ئاگاداری وردەکارییەکان بن".

لە دوایین سەردانیاندا، شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوو بابەتی سەرەکی: یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و پڕۆژەبودجەی 2021ـی عێراق، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەغدا مانەوە. شاندەکە لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنە سیاسییەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرانی دارایی و نەوت و بەرپرسانی لایەنی تەکنیکی عێراقی بۆ جێبەجێکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کۆبوونەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ "دەمانەوێت وردەکارییەکانی ئەو دوو هەفتەیە بزانین، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەک لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەبێت بۆ هەردوو ئەگەرەکە: ئەگەر رێکیشبکەوین و تەنانەت یاساکەش جێبەجێ بکرێت یان یاسای بودجەی 2021 لە پەرلەمانیش تێپەڕێت، ئایا حکومەتی عێراق توانای هەیە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات؟ ئەی ئەگەر توانای هەبێت و بڕیارێکی سیاسی هەبێت، نەیەوێت جێبەجێی بکات؟".

"هەرکاتێک پێویست بکات، شاندێکی باڵای سیاسی دەچێتە بەغدا"

هێمن هەورامی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا هەروەها گوتی "هێشتا کاتی ئەوە دیارینەکراوە شاندێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستانەوە بچێتە بەغدا، بەڵام هەرکاتێک پێویست بێت، ئەم شاندە دەڕوات، لە کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەش ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەرکراوە".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، هێمن هەورامی ئاشکرای کرد "شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتیوانی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان هەیە. ئەوەندەی من ئاگاداربم، لەدوای دانیشتن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان، شاندی دانوستانکار سەردانی حیزبەکانیش دەکات و لەگەڵ شاندی حیزبە سیاسییەکان کۆدەبنەوە، ئەوکاتە گفتوگۆ دەکرێت کەی و بەسەرپەرشتی سەرۆکی هەرێم یان یەکێک لە جێگرانی شاندێکی سیاسی هەرێم بچێتە بەغدا".

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment