پزیشکیان: خوازیارین دانوستانهكان ئهنجامێكی بهرجهستهیان ههبێت
سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد، کە وڵاتەکەی بە دوای ئەنجامی بەرجەستەوەیە نەک تەنیا گفتوگۆکردن. دەشڵێت: گفتوگۆ له پێناو گفتوگۆ لهگهڵ ئهمریكا ناكهین.
سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، چەند کاتژمێرێک دوای کۆتاییهاتنی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، رایگەیاند: کە وڵاتەکەی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە و هەستپێکراو دەدات لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ واشنتن.
سەرۆککۆماری ئێران روونی کردەوە، کە ئەم دانوستانانە "بە هەماهەنگیی تەواو و بە مۆڵەتی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران" بەڕێوە دەچن.
پزیشکیان گوتی: "ئامانج لە دانوستانەکان چارەکردنی راستەقینەی پرسەکانە، نەک تەنیا چووەنە ناو گفتوگۆ لە پێناو گفتوگۆدا".
هەروەها جەختی کردەوە، "ئێمە بە جیدییەتەوە هەوڵی گەیشتن بە ئەنجام دەدەین و هیوادارین ئەم رێڕەوە بگاتە ئەنجامێکی بەرجەستە".
هەر ئەمڕۆ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە، "لە گەڕی دووەم دانوستانی ئەم جارە لە جنێڤ بەراورد بە گەڕی پێشوو، گۆڕانکاری و پێشهاتی ئەرێنی هاتوونەتە ئاراوە".
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.