شێڵی کارڵسن: لۆبییەکی بەهێز بۆ دۆزی کورد دەکەم و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زاخۆ فراوان دەکەین

شێڵی کارڵسن، سەرۆکی شارەوانی شاری موورهێد لە ویلایەتی مینەسۆتا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24دا ئاشکرای کرد، کارێکی زۆری کردووە بۆ پشتگیریکردنی کورد لە ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا، گوتیشی، ئێستا دەیەوێت ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی مینەسۆتا تا زیاتر خزمەتی کۆمەڵگەی کوردی بکات.

موورهێد کەوتووەتە رۆژئاوای ویلایەتەکەوە، لەم شارەدا نزیکەی 3 هەزار کورد نیشتەجێن. کارڵسن دەڵێت کوردەکان لێرە زۆر سەرکەوتوون و بوونەتە مامۆستا و خاوەن کار و چێشتخانە، جەختی کردەوە، کوردەکان قوربانییان بۆ ئەمریکا داوە و لە شەڕی داعشدا هاوکار بوون، بۆیە پێویستە هەمیشە هاوکارییان بکرێت.

سەبارەت بە پەیماننامەی دۆستایەتی نێوان موورهێد و زاخۆ، کارڵسن ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی پێشوو شاندێکی زاخۆ سەردانیان کردوون و دارێکیان وەک هێمای دۆستایەتی چاندووە، کار دەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکانی هەردوولا دروست بکەن و قوتابیان ئاڵوگۆڕ بکەن، تەنانەت هەوڵ هەیە پارکێک یان شەقامێک لە موورهێد بە ناوی زاخۆ یان کوردستان بکرێت.

هەروەها کارڵسن گوتی، پلانیان هەیە هەندێک ئامێری ئاگرکوژێنەوە بنێرن بۆ هەرێمی کوردستان، لەوانەشە لە مانگی تشرینی دووەمدا سەردانی زاخۆ بکات بۆ بینینی باخەکانی هەنار و ئاشنابوون بە کشتوکاڵی ناوچەکە، ئەو باسی لەوە کرد، کوردەکان خەڵکانێکی کارکەر و قسەخۆشن و دەرفەتی بازرگانی زۆریان لە موورهێد بۆ فەراهەم کراوە.

شێڵی کارڵسن بە توندی دژی هەڵسوکەوتی تووندی پۆلیسی کۆچبەری ئەمریکا وەستایەوە و گوتی، نابێت مافی کۆچبەران پێشێل بکرێت، ئەو تەنیا پشتگیری لەوە دەکات کە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە تاوانی مەترسیداریان ئەنجام داوە، نەک هەراسانکردنی هەموو کۆچبەرێک.