سەرۆکی شارەوانی موورهێد: دەمانەوێت پارکێک یان شەقامێک لە موورهێد بەناوی "زاخۆ" بکەین
شێڵی کارڵسن، سەرۆکی شارەوانی موورهێد لە ویلایەتی مینەسۆتا، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستان24، رۆڵی سێ هەزار کوردی نیشتەجێی شارەکە لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەرز دەنرخێنێت. کارڵسن باس لە یەکەمین ساڵیادی رێککەوتننامەی دۆستایەتی نێوان موورهێد و زاخۆ دەکات و ئاشکرای دەکات کە کار بۆ ئاڵوگۆڕی قوتابیان و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، هاوکات هەڵوێستی توندی خۆی دژی مامەڵەی تووندی هێزە فیدراڵییەکان بەرانبەر بە کۆچبەران نیشان دەدات.
کوردستان24: سڵاوتان لێبێت، لە شاری موورهێدم لە ویلایەتی میناسۆتا، ئەو شارەی کە ساڵی رابردوو، رێککەوتننامەی دۆستایەتی لەگەڵ شاری زاخۆی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد، مەزندە دەکرێت 3000 کورد لە شاری موورهێد بژین کە خاوەنی پرۆژەی بازرگانی بچووک و مامناوەندن. بۆ قسە کردن لەبارەی رۆڵی رەوەندی کوردی و دەرفەتی کارکردن لەم شارەدا، گفتوگۆ لەگەڵ شێڵی کارڵسن سەرۆکی شارەوانی موورهێد دەکەم.
شێڵی کارڵسن: خۆشحاڵم کە جاوپەکەوتنم لەگەڵ دەکەن، من زۆر شانازی بە کۆمەڵگەکەمان و خەڵکی کورد دەکەم کە لە موورهێد دەژین.
کوردستان24: دەتوانی تۆزێک باسی موورهێدم بۆ بکەیت؟
شێڵی کارڵسن:موورهێد شارێکە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 45 هەزار کەسە. ئێمە کەوتووینەتە رۆژئاوای ویلایەتی مینەسۆتا. نزیکەی سێ بۆ چوار کاتژمێر لە سنووری کەنەداوە دوورین. رووبارێکمان هەیە کە ویلایەتی مینەسۆتا لە ویلایەتی داکۆتای باکوور جیا دەکاتەوە کە رووباری سوورە. لە لاکەی دیکەی رووبارەکە شاری فارگۆی ویلایەتی داکۆتای باکوورە. بەکۆی گشتی، ژمارەی دانیشتووانی کۆمەڵگەکەمان نزیکەی 250 هەزار کەس دەبێت کە بە ماڵی خۆی دەزانن. سێ هەزار کەسیان کوردن و لە شاری موورهێد دەژین.
کوردستان24: بەر لەوەی باسی رێککەوتننامەی دۆستایەتی لەگەڵ زاخۆ بکەین، من دەزانم ئێوە خۆتان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی مینەسۆتا بەربژێر کردووە، کەمپەینەکەتان چۆن بەڕێوە دەچێت؟
شێڵی کارڵسن: پێم وایە کەمپەینەکە بەباشی دەڕوات. پشتگیرییەکی زۆری کۆمەڵگەی کوردم هەیە. ئەوان خاوەن بیزنسن، مامۆستان، خاوەن خواردنگەن. کوردان بەڕاستی بوونەتە رایەڵەی کۆمەڵگەکەمان و لە زۆر بواری جیاواز پێگەیان هەیە. من دەمەوێت بە هەموو شێوەیەک یارمەتیدەریان بم، بەردەوام بن لە گەشەپێدانی شاری موورهێد. وەک سەرۆکی شارەوانی کە من بۆماوەی نزیکەی شەش ساڵە سەرۆکی شارەوانیم، پشتگیری کۆمەڵگەی کوردم کردووە و ئێستاش ئەوان پاڵپشتی لەمن دەکەن کە دەمەوێت ببمە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی مینەسۆتا. من بەردەوام دەبم لە خۆ تەرخانکردن و لۆبی بۆیان لە ویلایەتەکەمان، یارمەتیان دەدەم لە سیاسەت و فەندی شاری موورهێد.
کوردستان24: تۆ پەیوەندییەکی باش و نزیکت لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی موورهێد هەیە، بەرسڤ و کاردانەوەی ئەوان بۆ کەمپەینەکەی تۆ چۆنە؟
شێڵی کارڵسن: بەشێوەیەکی زۆر ئەرێنی. من کاتێک سەرەتا بوومە سەرۆکی شارەوانیی موورهێد، لەلایەن کوردەکانەوە بانگهێشتی زۆربەی ئاهەنگ و رێوڕەسمەکان دەکرام، منیش هەوڵمدا خەڵکی ناو ئەو کۆمەڵگەیە بناسم. چاوم بەوە کرانەوە کە کۆمەڵگەی کوردی چەند جوان و ناوازەیە و چەند کاری باشیان بۆ ئەمریکا کردووە کە هاوشانی سووپاکەمان خزمەتیان کردووە و ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسی و قووربانیان داوە بەر لەوەی بێنە ئەمریکا. بۆیە ئێمە سوپاسگوزارییەک قەرزداری کۆمەڵگەی کوردین. من شەرەفمەندم کە زۆر لەوان موورهێدیان وەک ماڵی خۆیان هەڵبژاردووە و بەردەوامن لە فێربوون لەبارەی مێژوو و کولتووری خۆیان. وەک سەرۆکی شارەوانیی ئەوان، تەنیا دەمەوێت پاڵپشتیان بم لەکاتێکدا کە ئەوانیش دەیانەوێت پەرە بەخۆیان بدەن.
کوردستان24: وەک دەگووترێت سەرووی 3000 کورد لەم شارە دەژین کە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتا و نەوەتەکان و دواتریش کۆچیان بۆ ئەم شارە کردووە، پێم وابێت یەکێک لە هۆکارەکانی رێککەوتننامەی دۆستایەتیتان لەگەڵ شاری زاخۆ بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی رەوەندی کوردییە لەم شارەدا، ئێستا ئێوە لە چ قۆناخێکدان لەبارەی ئەم رێککەوتننامەیە؟
شێڵی کارڵسن: ئێمە هێشتا لە ساڵی یەکەمی رێککەوتننامەی دۆستایەتی داین. ساڵی رابردوو شاندێکی گەورەی کوردی لە زاخۆوە هاتنە شاری موورهێد. گەشتێکمان بەنێو شارەکەدا پێیان کرد و نەمامێکی دۆستایەتیمان روواند. ئێستا دارێک لە یەکێک لە پارکەکانمان هەیە کە داری سیمبۆلی دۆستایەتیمانە لەگەڵ زاخۆ. دەستمان کردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی ویلایەتی مینەسۆتا موورهێد و کۆلێژی کۆنکۆردیا. هاوکات سەیری هەموو بوارێکمان کردووە کە نەک هەر تەنیا یارمەتی یەکدی بدەین بەڵکو پشتگیری یەکدی بین. پێم وایە دووی تەممووز ساڵیادی یەکەم ساڵی رێککەوتنامەکەمانە کە بەڕاستی بۆنەیەکی خۆش دەبێت کە دەبێتە یەک ساڵی دۆستایەتیمان.
کوردستان24: دەزانم کە سەرقاڵی بە کەمپەینی هەڵبژاردنەوە، بەڵام پلانت هەیە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەیت؟
شێڵی کارڵسن: هیوادارم بتوانم. لەگەڵ یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی کوردی قسەم دەکرد. رەنگە مانگی تشرینی دووەم بتوانم، بەڵام نامەوێت هیچ بەڵێنێک بدەم، چونکە تۆ نازانی چ شتێک رووودەدات. وێنەکانی زاخۆم بینیون و گرووپێکی کەسایەتیمان لە کۆمەڵگەی موورهێد چوونە زاخۆ. پێم وابێ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بوو. ئەو چیرۆک و خەڵکانەی ئەوان ناسیبوونیان، لەگەڵ کولتوور و زانیاری و پەروەردەی ئەوەی کۆیان کردبووەوە و لەگەڵ خۆیان هێنابوویانەوە بەڕاستی منی زۆر دڵخۆش کرد و وام لێ دەکات منیش سەردانی زاخۆ و بەشەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەم، بۆئەوەی زیاتر لەبارەیەوە بزانم. پێم وایە ئێمە بە بەردەوامی لەبارەی کولتووری یەکدی فێردەبین و پشتگیری یەکدی دەکەین.
کوردستان24: بەر لەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانی جێبهێڵیت و ببیە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی مینەسۆتا، چ پلانێکت هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان زاخۆ و موورهێد؟
شێڵی کارڵسن: ئێمە هەمیشە رێگەی وا دەدۆزینەوە کە پاڵپشتی لەیەکدی بکەین. یەکێک لە گفتوگۆکان کە هەمانە لەبارەی کەلوپەلەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەیە. کاتێک ئەو کەلوپەلانە خانەنشین دەکەین، رەنگە بکرێت لەلایەن زاخۆوە بەکاربێنەوە. گفتوگۆی زۆر لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام با بزانین ئەوە چۆن دەکرێت و پرۆسەکە چۆن دەبێت. بۆیە ئەمە یەکێکە لەو نموونانەی کە دەتوانین پەیوەندییەکەی پێ فراوان بکەین. ئاگادارم کە زانکۆکانیش لە پەیوەندی دان و قسەیان لەبارەی ئاڵوگۆڕی قوتابیان کردووە. هەروەها ئاگاداریشم کە بیرۆکەیەک گەڵاڵە کراوە کە رەنگە ناوی ناوچەیەکی پارکێک، پارکێک لە موورهێد یان شەقامێک بەناوی زاخۆ یان هەر ناوێکی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەین. بۆیە بیرۆکەی بچووک و گرنگ هەن کە بەهۆیانەوە رێز لە پەیوەندی دۆستایەتیمان بگرین، بەڵام هاوکات رێگەی دیکەی گەورەتریش هەن بۆ نموونە ئاڵوگۆڕی قوتابیان یان ناردنی کەلوپەپەل، شتی لەو جۆرە.
کوردستان24: رۆڵی کۆمەڵگەی کوردی و بەشداربوونیان لەم شارە چۆن دەبینیت؟
شێڵی کارڵسن: من وەک بنیاتنانی خشت دەیبینم. دەزانی، سەرەتا بە واژۆکردنی رێککەوتنامەی دۆستایەتی دەست پێدەکات. دواتر بە دەستپێکێکی مەزن یان بچووک. ئەو پەیوەندییە بە هەنگاوی بچووک دەستپێدەکەیت و دواتر بنیاتی دەنێی.هەندێجاریش دەتوانی هەنگاوی زۆر گەورە بهاوێژی. ناتوانی هەموو شتێک لە یەک کاتدا ئەنجام بدەی. کاتی دەوێت بۆئەوەی ئەو پەیوەندیانە دروست بکەی. هەنگاوی یەکەمیش واژۆکردنی بەیاننامەی دۆستایەتییە، کە ئێمە کردمان. لەکاتێکدا ئێمە دەستمان کردووە بە دۆزینەوەی رێگە کە بتوانین پشتگیری یەکدی بکەین، ئینجا بەردەوام دەبین لە بنیاتنانی پەیوەندییەکە. بۆیە بابەتەکە پەیوەستە بە فێربوون و تێگەیشتن لەوەی پێویستییەکان و داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان چیین، دواتر زانینی ئەوەی کە چ شتێک یارمەتیدەرە بۆ خەڵکی موورهێد کە بتوانین باشتر لە کولتووری کوردی تێبگەین.
کوردستان24: من زۆر جار بازرگانان و سەرمایەدارانی کوردستان دەبینم، کە سەردانی ئەمریکا دەکەن بەدوای دەرفەتی ئابووری و بازرگانییەوەن بۆ ئەوەی لە ئەمریکا ئەنجامی بدەن، چ دەرفەتێکی بازرگانیتان بۆ ئەوان هەیە؟
شێڵی کارڵسن: پێم وایە هیچ بەربەستێک لەبەردەمیاندا نییە. کورد زۆر کەسانی بازرگانیین. هەر وەک خۆت گوتت دەیانەوێت دەست بە بازرگانی بکەن. ئێمە خواردنگەی کوردیمان لە موورهێد هەن. هەروەها پێشانگەی ئۆتۆمبێلی کوردیمان هەن. لەبارەی دەرفەتی بازرگانیش پەیوەستە بەوەی دەیانەوێت چ جۆرە بازرگانییەک دەست پێ بکەن. راستییەکەی هەموو دەرفەتێک بۆیان بەردەستە هاوشێوەی هەر کەسێکی دیکە. شتێکمان هەیە کە پێی دەگوترێت پڕیشکی سەنتەری بازرگانی کە لە سەنتەری کۆمەڵایەتی و پەرتووکخانە دەکرێتەوە و یارمەتی کۆمەڵگەی کوردی و هەر پێکهاتەیەکی دیکە دەدات، یان هەر کەسێک کە بییەوێت بازرگانییەک دەست پێبکات. ئەو کەسە دەتوانێت زانیاری بەدەست بێنێت و راهێنان وەربگرێت و بیرۆکە فێربێت کە چۆن لەگەڵ خەڵک پەیوەندی دروست بکات. هاوکات دەستی بە بانکەکان بگات کە قەرزی بچووک وەربگرێت یان هەر قەرزێکی دیکە. قەرز و هاوکاری دارایی تایبەت هەن بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت دەست بە هەندێ جۆر لە بازرگانی بکەن. بۆیە دەرفەتی گەلێک زۆر هەن. بابەتەکە تەنیا پەیوەستە بەو کەسانە کە سەردانی سەنتەری بازرگانی بکەن و گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن و پێمان بڵێن چیان پێویستە. ئێمەش بە کەسانی دروست دەیان ناسێنین کە دەتوانن یارمەتیان بدەن.
کوردستان24: با کەمێک باس لە بابەتێکی دیکە بکەین لە بارەی ویلایەتی مینەسۆتا، بەم دواییانە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خەڵک و کۆچبەران لەنێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان روویدا، بۆچوونی تۆ لەبارەی ئەم دۆخە چیییە؟
شێڵی کارڵسن: لە ئەمریکا بۆماوەی چەندین دەیەیە پۆلیسی کۆچبەری و گومرگ هەیە. خەڵک هەن بەشێوەی نایاسایی دێنە ئەمریکا و بەشێکیان تاوانی تووندوتیژی ئەنجام دەدەن، پۆلیسی کۆچبەری ئەو کەسانە دەدۆزێتەوە و دەستگیریان دەکات و دیپۆرتی وڵاتەکانیانیان دەکەنەوە.
ئەوەی ئێستا لە ویلایەتی مینەسۆتا روودات بەتەواوی هەڵەیە و جێگەی ئیدانەیە. ئەوان هەزاران کەسیان لە سەرتاسەری ئەمریکا هێناوە کە راهێنانی تەواویان پێنەکراوە و یاساکانی کۆچبەری بەشێوەیەکی تووندوتیژی جێبەجێ دەکەن کە ئەمە ئاسایی نییە. ئەمە بەدڵنیاییەوە و دروست نییە. من سەد لە سەد دژی ئەوەم. من ئەو کەسانەم ناوێن، چیدی نامەوێت پۆلیسی کۆچبەری لە ویلایەتی مینەسۆتا بن.
کوردستان24: کەوایە ئێوە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو هێزانەدا ناکەن؟
شێڵی کارڵسن: نەخێر. ئەوەی لە رابردوودا کاری پێ کراوە بریتی بووە لەوەی پۆلیسی کۆچبەری بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کە تاوانی ئەنجام داوە، کە تاوانی تووندوتیژییە. ئێمەش نامانەوێت ئەو کەسە لێرە بێت کە کەسێکی نایاساییە. ئەو کات پۆلیسی کۆچبەری پەیوەندی بە هێزەکانی ئێمەوە دەکەن و ئەوانیش رەنگە بڵێن بەڵێ مێژووی ئەو کەسەمان هەیە یان بڵێن نازانین ئەو کەسە کێیە. بەو شێوەیە دەتوانین هاوکاری هێزە فیدڕاڵییەکانی کۆچبەری بکەین. دواتر هێزە فیدڕاڵییەکەی کۆچبەری بە داواکاری دادوەر دەچنە سەر ماڵەکانیان. ئەمەش بە پرۆسە دەبێت. چونکە تەنانەت کەسێک کە کۆچبەرێکە بە نایاسایی لێرەیە، لە ئەمریکا مافی هەیە. بەڵام ئەوەی ئێستا روودەدات پێشێلکردنی ئەو مافانەیە. ئەمەش ئەوە نییە کە پێشتر لە ئەمریکا کاری پێ دەکرا. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت من لەگەڵیدا نیم.
کوردستان24: من سوپاست دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە و ئەگەر شتێک هەبێت باست نەکردبێت و پێت خۆش بێت قسەی لەسەر بکەیت فەرموو.
شێڵی کارڵسن: حەز دەکەم بزانم کە خەڵکی کورد لە زاخۆ لە هەرێمی کوردستان چۆن دەڕواننە موورهێد لە مینەسۆتا. دەمەوێت زیاتر لەو بارەیەوە بزانم.
کوردستان24: رەنگە سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆ زاخۆ لە دەرفەتێکدا خۆی سەردانی موورهێد بکات و لەبارەی رێککەوتننامەی دۆستایەتیش قسەی زیاتر بکات کە ساڵی رابردوو واژۆتان کرد. من پێم وایە خەڵکی زاخۆ زۆر حەز دەکەن سەردانی هوورهێد بکەن و وەبەرهێنانی تیادا بکەن. هاوکات بەشداری لە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕیدا بکەن لە رووی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەوە.
شێڵی کارڵسن: هەنار لەگەڵ خۆیان دەهێنن؟
کوردستان24: بەڵێ بە دڵنیاییەوە پێم وایە لەگەڵ خۆیانی دەهێنن. لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی کشتوکاڵی نایاب هەن، هەنار و سماق و کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەش. من چەند بەرهەمێکی کوردی لە رەفەی مارکێتەکانی ئێرە دەبینم. هەنگوینی کوردستان باشترینی جیهانە و لێرەدا هەیە. هاوکات تەحینیش بەردەستە.
شێڵی کارڵسن: بەڵێ دەزانم کە ئەو هەرێمە بە بەرهەمی هەنار بەناوبانگە و هەرێمێکی بە پیت و بڕشتی کشتوکاڵییە. ئەوەش رێگەیەکی دیکەیە کە دەتوانین کۆمەڵگەی کوردی لێرە لەگەڵ کۆمەڵگەی کشتیاری بە یەکدیان بناسێنین لە دەوروبەری شاری موورهێد. پەیوەندی زۆر گەورە و گرنگ هەن. کوردەکان کەسانی ئیشکەرن. ئەوان قسەخۆش بە گاڵتە و گەپن. ئەوان خەڵکی زۆر دڵخۆشن. من سوپاسگوزاریانم کە موورهێدیان هەڵبژاردووە هەروەها کە لەگەڵ سوپای ئەمریکا کاریان کردووە لەسەردەمی شەڕی داعش.