85  وڵات لە ئیسرائیل دێنەدەنگ

لە هەڵوێستێکی هاوبەشی نێودەوڵەتیدا، 85 وڵاتی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی توندی رێکارە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ فراوانخوازی نیشتەجێبوون لە کەناری رۆژئاوای فەڵەستین دەکەن، هۆشداریی دەدە لەوەی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، دەرفەتەکانی ئاشتەوایی لەناو دەبات.
چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، 85 وڵاتەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "بڕیارە تاکلایەن و نایاساییەکانی ئیسرائیل بۆ فراوانخوازیی، پێشێلکاری ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبێت دەستبەجێ دەستی لێهەڵگرێت."
کۆمەڵەی وڵاتان، جەختیان لەوە کردووەتەوە، گۆڕینی باری یاسایی و خاکە داگیرکراوەکانی ساڵی 1967، بە قودسی رۆژهەڵاتیشەوە، رەت دەکەنەوە، هاوکات دژی هەر هەوڵێکن بۆ لکاندنی ئەو ناوچانەن بە ئیسرائیل؛ هۆشداریانداوە لەوەی بە توندی دژی هەر جۆرە هەوڵێکی لەو شێوەیە دەوەستنەوە.
ئەو وڵاتانە کە هێزە گەورەکانی وەک چین، رووسیا، فەرەنسا و وڵاتانی عەرەبی وەک سعوودیە و رێکخراوەکانی وەک یەکێتیی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی لە خۆدەگرێت، لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە، ئیسرائیل بە جددی هەوڵی سڕینەوەی نەتەوە و خاکێک دەدات کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ئەم کارە رێگە پێ نەداراوە و دەچێتە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، بۆیە داوایان کردووە ئیسرائیل دەست لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە هەڵبگرێت. 
هاوکات لەگەڵ ئەم بەیاننامەیەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە تەلئەڤیڤ کرد، دەستبەجێ کارەکانی رابگرێت. 
گۆتێرێز ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رێوشوێنانە نەک هەر سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن، بەڵکو بەپێی بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتیش بە "نایاسایی" دەژمێردرێن.
بە گوێرەی راپۆرتەکان، لە دوای رووداوەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023،  دەستپێکردنی شەڕی غەززە، پرۆسە و هەڵمەتی نیشتەجێکردنی ئیسرائیل لە سایەی حکوومەتە راستڕەوەکەی بنیامین ناتانیاهۆدا، خێراتر جێبەجێکراوە و ئێستا، لە کەناری رۆژئاوای فەڵەستین نزیکەی 500 هەزار نیشتەجێکراوی ئیسرائیلی لەنێوان سێ ملیۆن فەڵەستینیدا دەژین. 
نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی وڵاتان ئەو نیشتەجێیانە بە نایاسایی دەزانن و وەک بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم پڕۆسەی "چارەسەری دوو دەوڵەت" ناوزەندی دەکەن.