شێروان دووبەردانی: شیعە و سوننەکان لە بەغدا دژی کورد پیلان دەگێڕن

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، هۆشداریی توند دەدات لە هەوڵەکانی بەغدا بۆ پەراوێزخستنی کورد و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، کار بۆ کۆتاییهێنان بە بنەماکانی "تەوافوق و شەراکەت" دەکرێت.

چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق لە بوڵتەنی هەواڵکەانی کوردستان24، گوتی: لە دوایین دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا جۆرێک لە "پیلانگێڕی" لە نێوان لایەنە شیعە و سوننەکاندا هەبووە بۆ تێپەڕاندنی بڕگەیەک کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی کورد دەگەیەنێت و بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکان تێکدەدات، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمە یەکەمجار نییە دەستوور پێشێل دەکرێت، تا ئێستا زیاتر لە 50 ماددەی دەستووری هەن کە لە لایەن بەغداوە پەکخراون یان جێبەجێ ناکرێن."

لە بارەی گۆڕینی پۆستی سوپاسالاری عێراق، دووبەردانی رایگەیاند، ئەم پۆستە بەگوێرەی ئیستحقاقی نەتەوەیی و سیاسی مافی کوردە، بەڵام لایەنە شیعە و سوننەکان دەیانەوێت بەبێ گەڕانەوە بۆ کورد، ئەم پۆستە و چەندین پۆستی دیکەی باڵای ئەمنی و سەربازی لە دەستی کورد دەربهێنن، وەک نموونەش باسی لە پارێزگای نەینەوا کرد کە تێیدا کورد لە زۆربەی پۆستە ئەمنییەکاندا پەراوێز خراوە و هیچ فەرماندەیەکی فەوج یان لیوای نییە.

شێروان دووبەردانی جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوانەی بەغدا مەترسییەکی راستەقینەن بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی، گوتیشی: "بەغدا تەنیا ئەو ماددە دەستوورییانەی مەبەستە کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی ناوەندیدایە، بەڵام هەرچی ماددەی پەیوەندیدارە بە مافەکانی گەلی کورد، پشتگوێی دەخات."

لە کۆتایی قسەکانیدا، پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی داوای کرد لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بەغدا بەرەیەکی یەکگرتوو یان ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسی پێکبهێنن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم فشارانە، هەروەها داوای لە وەزیرە کوردەکان کرد لە ناو حکوومەتی عێراقدا هەڵوێستی توندتریان هەبێت و رێگە نەدەن بڕیارەکان بەبێ رەزامەندی و گەڕانەوە بۆ نوێنەرانی کورد تێپەڕێنرێن.