عراقچی و گرۆسی ئەنجامەکانی گەڕی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی جنێڤ تاوتوێ دەکەن

وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەنجامەکانی دوایین گەڕی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتنیان لە جنێڤ تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر ئامادەکردنی چوارچێوەیەکی تۆکمە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە.

چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

ئاژانسی هەواڵی ئێرانا بڵاوی کردەوە، هەردوو لا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دوایین ئەنجامەکانی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکایان لە جنێڤ تاوتوێ کرد، هەروەها بیروڕایان لە بارەی میکانیزم و پێداویستییەکان بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی چوارچێوەی دانوستان ئاڵوگۆڕ کرا.

لە میانی پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ بەشداریکردنی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە گفتوگۆکانی جنێڤ، جەختی کردەوە کە تاران سەرنجی خستووەتە سەر ئامادەکردنی چوارچێوەیەکی سەرەتایی و تۆکمە بە مەبەستی بردنەپێشەوەی گفتوگۆکانی داهاتوو.

لە بەرانبەردا، رافایل گرۆسی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی جنێڤی بە "ئەرێنی" هەڵسەنگاند و ئامادەیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی راگەیاند بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی و هاوکاری لە پرۆسەی داڕشتن و گەڵاڵەکردنی چوارچێوەی دانوستانەکەدا.

دوای نیوەڕۆی سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.