بە مەبەستی پاڵپشتیکردنیان زیاتر لە 10 هەزار شەتڵ بەسەر جووتیارانی زاخۆدا دابەش دەکرێن

وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی چاندن و بە مەبەستی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پرۆسەی دابەشکردنی شەتڵی جۆراوجۆری میوەی بەسەر جووتیارانی دەڤەرەکەدا دەستپێکردووە.

سەلمان محەممەد، بەرێوەبەری کشتوکاڵی زاخۆ بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەم شەتڵانە لە نەمانگەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرهەم هێنراون و بە نرخێکی پاڵپشتیکراو دەکاتە نیوەی نرخی بازاڕ دەدرێنە جووتیاران. ئامانج لەم کارەش هاندانی جووتیارانە بۆ زیادکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی تێچووی سەر شانیان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، نزیکەی 10هەزار شەتڵ ئامادە کراون کە نۆ جۆری جیاوازی میوە لەخۆ دەگرێت، لەوانە؛پ بایام، فستق، هەنجیر، هەنار، قەیسی، هەڵوژە و خۆخ و ترێ و توو.

تایبەت بە رێژەی فرۆشتن، ئاماژە بەوە دراوە کە تەنیا لەم وەرزەدا زیاتر لە 3 هەزار و 500 شەتڵ لە لایەن جووتیارانەوە کڕدراون و پرۆسەکەش تا کۆتایی مانگی شوبات بەردەوام دەبێت.

محەمەد یوسف، یەکێک لە جووتیارانی سنوورەکە، خۆشحاڵی خۆی بەم هەنگاوەی حکومەت دەربڕی و وتی: "نرخی شەتڵ لە بازاڕدا گرانە و هەندێک جۆریان دەگاتە دوو بۆ سێ هەزار دینار، بەڵام لێرە بە نرخێکی زۆر گونجاوتر دەستمان دەکەوێت، ئەمەش وادەکات بتوانین زەوییەکانمان ئاوەدان بکەینەوە."

ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە، کار دەکات بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵ بکاتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە ناوخۆدا.